لە سنووری 13 پەروەردەی سلێمانی وەرزی یەکەمی خوێندن بە بایکۆت کۆتایی دێت

11-12-2023
هۆرڤان رەفعەت
نووسینی "خوێندن یان بایکۆت" لەسەر وایتبۆردی قوتابخانەیەک
نووسینی "خوێندن یان بایکۆت" لەسەر وایتبۆردی قوتابخانەیەک
A+ A-
 
رووداو – سلێمانی

کەمتر لە 10 رۆژ ماوە بۆ کۆتاییهاتنی وەرزی یەکەمی خوێندن لە سنووری سلێمانی، بەو پێیەی لە کۆی 83 رۆژی ساڵنامەی خوێندن 73 رۆژ تێپەڕدەبێت و هێشتا زۆرینەی قوتابخانەکان نەکراونەتەوە.
 
ئەرسەلان ئەحمەد، باوکی دوو قوتابییە و خەڵکی قەزای کەلاری سەر بە ئیدارەی گەرمیانە، ئەو و منداڵەکانی، نیگەرانن ئەو رۆژانەی رابردووی وەرزی یەکەمی خوێندن، کە بڕیاربوو بۆ داهاتوویان فێری هەندێک وانە ببن، بەڵام بایکۆت دایبڕین، نیگەرانن وەرزی دووەمی خوێندنی منداڵەکانیشیان وەکو یەکەم تاکە رۆشنایی تێیدا بایکۆت بێت.
 
ئەرسەلان ئەحمەد، باوکی قوتابی بە رووداوی گوت، "سەرەتای مانگی نۆ، کە بڕیاربوو دەوام بکرێتەوە، بایی نزیکەی 350 هەزار جلوبەرگ، پۆشاک، دەفتەر، قەڵەم و پێویستیی قوتابخانەم بۆ منداڵەکانم کڕی، چونکە سەرەتا گوتیان 13ی ئەیلوول دەوامە، کە یەکێکیان قوتابیی پۆلی نۆیە و یەکێکیان قوتابیی پۆلی حەوتە، کەچی هەر هیچ دەوام نەکرایەوە، ئەوە زۆر نیگەرانی کردین."
 
پەیام ئەرسەلان، قوتابیی پۆلی 9ی بنەڕەتییە، سەبارەت بە ئارەزووی بۆ دەستکردنەوە بە خوێندن و کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان، گوتی، "زۆرمان پێناخۆشە کە خوێندنگەکان ناکرێنەوە، هیوادارین بە زوویی حکومەت مووچە بدات بە مامۆستایان و کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات، تاوەکو ئەوانیش دەست بە دەوام بکەنەوە، دەمانەوێت وەزیری پەروەردەش بڕیارێکی نوێ دەربکات بۆ دەستکردنەوە بە خوێندن."
 
بۆ چارەنووسی وەرزی دووەم و کێشەی ژمارەیەک مامۆستا، پەروەردەی سلێمانی و نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ کۆبوونەوە، پەیامە گشتییەکە ئەوە بووە کە دۆخەکە تائێستا بەو جۆرەیە کە ئەو داواکارییانەی مامۆستایانی هێنابووە سەر شەقام، هێشتا جێبەجێ نەکراون.
 
ئاوارە ئادەم، مامۆستای وانەبێژە بە رووداوی گوت، "مێژوویەکی زۆرمان لەگەڵ ساڵنامە کوردییەکان هەیە، ساڵنامە کوردییەکان، ئەنفال وکیمیاباران و شەڕی داعش و کۆرۆنایە، کەچی ئەوە ئەم ساڵ بایکۆتیشی هاتە سەر و دەبێتە ساڵی بایکۆتەکە، ئەوەش ئێمە زۆر نیگەران دەکات."
 
هاوکار فەتاح، مامۆستایەکی دیکەی وانەبێژە و لەبارەی کۆبوونەوەکەوە گوتی، "ئەو پەیامەی باسکراوە و دراوە بە پەروەردە، بەردەوامیی بایکۆت بووە، ئێمەش حەزمان لە بایکۆت نییە، بەڵام چارەسەری گرفتەکانمان نەکراوە و تائێستا داواکارییەکانمان بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و پلەبەرزکردنەوەی میلاک جێبەجێ نەکراوە."
 
محەممەد کەمال، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی باسی لەوە کرد، "پێشبینیم ئەوەیە کە ئەم پرۆسەی بایکۆتەوە بەردەوام دەبێت تاوەکو مانگی شووباتی ساڵی داهاتوو، چونکە مانگی دووی ساڵی داهاتوو بودجەی عێراق هەموار دەکرێتەوە و ئەو کات دیاردەبێت بودجەی کوردستان چەندە."
 
چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە لیستی مووچەی مانگی ئەیلوولی پەروەردە و سەرجەم وەزارەتەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە رابگەیێندرێت، بەڵام تائێستا دیارنییە، دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول دەبێتە هۆی شکاندنی بایکۆت یاخود نا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.