شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا

10-12-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شەوی یەکشەممە، 10-12-2023، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە شاری بەغدا. شاندەکە پێکهاتوون لە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی. 
 
لەبارەی ئامانجی سەردانەکە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بۆ گفتوگۆکردنە لەبارەی سیاسەتی گومرگیی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەموارکردنەوەی یاسای دەروازە سنوورییەکان."
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 21-11-2023 بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی دا بە سەرۆکایەتیی وەزیری پلاندانان و ئەندامێتیی هەریەک لە وەزیرانی ناوخۆ، ئاوەدانکردنەوە، خوێندنی باڵا، داد و وەزیرانی ناوخۆ و دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی یاسایی لە ئەنجوومەنی وەزیران، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکان، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان و بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان.
 
لیژنەکە سێ ئەرکی سەرەکی دەبێت، یەکەم: پێداچوونەوە بە رێکارەکانی یەکخستنی سیاسەتی گومرگی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان بە وشکانی، ئاوی و فڕۆکەخانەکانەوە. دووەم: دانانی دیدگایەکی گشتگیر و یەکگرتوو بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی گومرگی و یاساکانی پاراستنی بەرهەمەکان. 

 

 
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان پێیوایە لە ماوەی مانگێکدا دەتوانرێت راپۆرتێکی باش ئامادە بکرێت و دەڵێت، "پرسی دەروازە سنوورییەکان گرنگە، یەکێک لە کێشەکانمانە لەگەڵ حکومەتی عێراق، پێمان باشە تاوتوێ بکرێت، چی لە بەرژەوەندی خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستانە بەو ئاراستەیە هەنگاو بنێین".
 
خاڵی سێیەمی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بریتییە لەوەی ئەرکی لیژنەکە پێداچوونەوە بە میکانزمەکانی جێبەجێکردنی یاسای دەستەی دەروازە سنوورییەکان ژمارە (30 ساڵی 2016) و هەموارکردنەوەی لەگەڵ پێشنیازی چارەسەری پێویست، تاوەکو دەستە و لایەنەکان بتوانن کارەکانیان راپەڕێنن، لیژنەکە لە ماوەی مانگێک کارەکانی تەواو دەکات، دەتوانن سوود لە پسپۆڕانیش وەربگرن.
 
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان، رۆژی 23-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە بارەی دەروازە سنوورییەکانەوە، بڕیار و هەنگاوێکی باشە، ئێمەش لە هەرێمی کوردستان دادەنیشین و لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەکەین، بۆ ئەوەی وەک سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان قسەمان یەک بێت و دەروازەکان لەگەڵ حکومەتی عێراقی پێشبخەین".
 
هەرێمی کوردستان 13 دەروازەی سنووری هەیە، کە چوار دەروازەی زەوینیی نێودەوڵەتی و حەوت دەروازی زەوینیی نافەرمی، لەگەڵ دوو دەروازەی ئاسمانی کە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانین، عێراقیش 24 دەروازەی سنووری هەیە.
 
 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.