کارەبای هەولێر دەڵێت، بەدواداچوون بۆ ئەو شوێنانە دەکەن کە کێشەیان هەیە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دانیشتووانی گوندی گەزنە و گەڕەکی 92ی زانکۆ لە هەولێر لە دۆخی کارەبا نیگەرانن. لە گەزنە بەهۆی "زێدەڕۆیی"ـەوە ڤۆڵتییە دابەزیوە و لە 92ی زانکۆش سێ رۆژە کارەبا نییە. بەڕێوەبەرانی دابەشکردنی کارەبا دەڵێن تیمەکانیان سەرقاڵی چارەسەرن.
 
بەشێک لە دانیشتووانی گوندی گەزنە لە سنووری پارێزگای هەولێر، دەڵێن بەهۆی "زێدەڕۆیی و چەتاڵ"ـەوە کارەبای نزیکەی 100 ماڵ تووشی گرفت بووە.
 
عوسمان مەحموود، دانیشتوویەکی گوندی گەزنە بە (رادیۆی رووداو)ی راگەیاند: "ماوەی ساڵێکە گرفت لە گۆڕەری (محاویلە) ژمارە 16240ـی گوندەکەمان هەیە، کارەباکەمان هێندە لاواز و پچڕپچڕە بووەتە ترافیک لایت."
 
ئەو هاونیشتمانییە باسی لەوە کرد، پێشتر تەنیا بۆردێکیان بۆ گۆڕەرەکە هێناوە، کە کێشەکەی چارەسەر نەکردووە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "خەڵکێکی زۆر زێدەڕۆیی و چەتاڵیان کردووەتە سەر تۆڕی کارەبا."
 
"تیمەکانمان دەنێرین"
 
تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر/1 بە رووداوی راگەیاند، ئاگاداری دۆخەکەن و گۆڕەرەکە دەکەوێتە سنووری بەشی چاککردنەوەی کارەبای عەنکاوە.
 
تاڤگە عومەر گوتی: "ئەمڕۆ تیمەکانی چاککردنەوەی کارەبا دەنێرینە شوێنی مەبەست بۆ ئەوەی بەدواداچوون بکەن و گرفتەکە چارەسەر بکەن." ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لە کێشەکان بەهۆی زۆریی لۆد و بەرزیی خواست لەسەر فیدەر و گۆڕەرەکان دروست دەبن.
 
لە 92ی زانکۆ سێ رۆژە کارەبا نییە
 
هاوکات لە کۆڵانی ژمارە 70ی گەڕەکی 92ی زانکۆ لە هەولێر، بەشێک لە هاونیشتمانییان باس لەوە دەکەن، نزیکەی سێ رۆژە کارەبایان نییە، لەکاتێکدا هەموو گەڕەکەکانیان کەوتووەتە نێو پرۆژەی رووناکی (کارەبای 24 کاژێری) و هیچ موەلیدەیەک لە گەڕەکەکەیان نەماوە. دانیشتوویەک دەڵێت: "ئەو چەند رۆژە بە چرا و لایتی شەحن شەومان بەڕێکردووە".
 
لەبارەی گرفتی ئەو گەڕەکە، کەمال عەساف، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر/2 بە (رادیۆی رووداو)ی راگەیاند: "لەم هەفتەیەدا بەهۆی باران و لۆد لەسەر فیدەرەکان و بۆردەکانی کارەبا، هەندێ گرفتمان هەبووە و تەنانەت گرفتی سووتانی پێوەری زیرەکیشمان هەبووە."
 
بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر/2 دڵنیایی دایە دانیشتووانی گەڕەکەکە و گوتی: "لە هەر گەڕەکێک گرفت و پچڕانی کارەبا هەبێت، تیمەکان بەدوایدا دەچن؛ ئێستاش بەردەوامین لە چارەسەرکردنی گرفتەکان."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

قوتابخانەیەکی چەمچەماڵ لافاو چووەتە ناوی و هەمووی بووەتە قوڕ و لیتە.

تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەم لە چەمچەماڵ دوادەخرێن

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەمی قوتابییانی سنووری پەروەردەی چەمچەماڵ بۆ سەرەتای ساڵی داهاتوو، دوادەخرێن.