رووداو دیجیتاڵ
ساڵی 2006 کەسێک لە سنووری قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر پشیلەیەکی کێویی کوشتووە، ساڵی 2009 لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەکەی بڵاوکردووەتەوە، رێکخراوە ژینگەییەکان فەرمانگەی ژینگەی هەولێریان لەو رووداوە ئاگەدارکردووەتەوە. بەڕێوەبەری فەرمانگەکەش دەڵێت، ئەو کەسە سزای دارایی دەدرێت.
پشیلەی جۆری کاراکاڵ یەکێکە لە دەگمەنترین پشیلەکانی دارستان، لە دەشتی هەولێر بە دەگمەن هەیە و جۆری کێوییەکەیشی لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس دەژین. عەلی شێروان، خاوەنی کێڵگەیە و پشیلە دەگمەنەکەی کوشتووە دەڵێت، "ئەو پشیلەیە چەندین پەلەوەری لێخواردووم."
عەلی شێروان، گوتی، "چەندینجار پشیلەکە هاتووەتە نێو کێڵگەکەم، زیاتر لە 30 کۆتر و قەلی خواردووم. چەندینجار لێیگەڕاین، بەڵام ئەمجارەیان شەو بوو کە لێمدا و کوشتم. دواتریش زۆر پەشیمان بوومەوە."
بەپێی رێنوێنیی ساڵی 2015 لە بڕگەی یەکەمی یاسای ژمارە 8ـی ژینگە، لە ساڵی 2008 لە هەرێمی کوردستان تایبەت بە پاراستنی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان، فەرمانگەی ژینگەی هەولێر رێکاری یاساییان بەرامبەر ئەو بابەتە گرتووەتە بەر.
فەلاح مەولود، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، "سزاکە یەک ملیۆن دینارە و کابرا ئەگەر دەیدات کێشە نییە، ئەگەریش بڵێت رووداوەکە ساڵی 2006ە و کۆنە، دەتوانێت لەگەڵ دەستەی گشتیی ژینگە قسە بکات و ئەوان دەتوانن سزای پێبژاردنەکەی بۆ کەمبکەنەوە."
سزای راوکردن، کوشتنی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان لە هەرێمی کوردستان بە پێبژاردنی 100 هەزار تاوەکو 10 ملیۆن دینارە. لە سێ ساڵی رابردوودا تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 10 کەس لەسەر کوشتنی ئاژەڵە کێوییەکان یان راوکردنی نایاسایی سزا دراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ