رووداو دیجیتاڵ
دوو بزن لە سنووری دەربەندیخان لە چیایەکدا گیریانخواردووە، خاوەنەکەی هەوڵیداوە رزگاریان بکات، بەڵام دەڵێت نەیتوانیوە. بەرگریی شارستانیش دەڵێت ناتوانن هیچیان بۆ بکەن.
رۆژی سێشەممە 11-1-2022، ئادەم سدیق، خاوەنی بزنەکان, کە دانیشتووی گوندی گوڵانی حاجی سەفەرە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمساڵ بەهۆی کەمی لەوەڕەوە ئاژەڵەکانمان دەبەینە شوێنی دوورتر بۆ لەوەڕاندن، دوو سەر لە ئاژەڵەکان دابڕاون و لە دۆڵی هەنارە گیریانخواردووە".
ئادەم سدیق دەڵێت، هەوڵی زۆریانداوە و ماوەی 13 رۆژە نەیانتوانیوە دوو بزنەکە رزگار بکەن، جگە لە شاخەوانێکیش کەس نەیتوانیوە هاوکارییان بکات.
ئەو هاونیشتمانییە باس لەوەشدەکات، لە رابردوودا دوو ئاژەڵی دیکەی ئامۆزایەکیان دابڕاون، لە کۆتاییدا ئامۆزاکەی تەقەی لێکردوون و دانەیەکیانی کوشتووە و ئەوی دیکەش خۆی رزگار کردووە.
ئادەم سدیق گوتیشی، ئەوانیش تەقەیان لە دوو بزنەکە کردووە، بەڵام بۆ کوشتنیان نا، سەبارەت بە هۆکارەکەشی دەڵێت: "ئامۆزاکەم بۆیە ویستی بیانکوژێت، بۆ ئەوەی لەو دۆخە ناخۆشەدا نەمێننەوە، هەروەها تەقەکردن هۆشیارتریان دەکاتەوە، کە رەنگە بتوانن خۆیان رزگاربکەن، ئێمە بۆ هۆشیارکردنەوە تەقەمان لێکردن".
کەیوان ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانیی دەربەندیخان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوان ئاگاداری دۆخی دوو بزنەکەن، بەڵام هیچیان پێناکرێت.
کەیوان ئەحمەد دەڵێت: "شوێنی بزنەکان زۆر سەختە، باران و تەمە، بەڕاستی ناتوانین هیچ بکەین، ئەگینا لە رابردوودا هاوکاریی هاوشێوەی خەڵکمان کردووە".
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانیی دەربەندیخان، ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان ناتوانن ژیانی کارمەندەکانیان بخەنە مەترسییەوە، چونکە وەکو خۆی گوتی: "شوێنەکە زۆر سەختە و مەترسیی دەخاتە سەر ژیانی کارمەندەکانمان، بەتایبەت لەم کەشوهەوایەدا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ