رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی نووسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پارێزگای هەولێر دەڵێت، هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامداوە و ئەنجوومەنی کۆمیسیاران چاوەڕوانی بڕیاری دادگەی فیدراڵی دەکات تاوەکو رێکارەکانی پرۆسەکە بگیرێنەبەر.
حەیدەر محەممەد، بەرپرسی نووسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پارێزگای هەولێر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە شەوی چوارشەممە، 10-01-2024، نوێنەر فاتیح پێشکێشی کرد، رایگەیاند، کۆمیسیۆن دەستیکردووە بە ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بەشی زۆری ئامادەکارییەکان کراون.
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن گوتیشی، ئێستا ئەنجوومەنی کۆمیسیاران چاوەڕوانی بڕیاری دادگەی فیدراڵین لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەگەر لەوە زیاتریش هەڵبژاردنەکە دوابخرێت ئەوا جارێکی دیکە تۆماری دەنگدەران پێویستی بە نوێکردنەوە دەبێت، چونکە هەرکەسێک تەمەنی بگاتە 18 ساڵ مافی خۆیەتی ناوی لە تۆماری دەنگدەران تۆماربکرێت و دەنگ بدات.
بە گوتەی بەرپرسی نووسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پارێزگای هەولێر، ملیۆنێک و 300 هەزار کەس لە سنووری پارێزگاکە مافی دەنگدانیان هەیە و لەو ژمارەیەش نزیکەی ملیۆنێک دەنگدەر زانیارییەکانیان نوێ کراونەتەوە.
بەگوێرەی حەیدەر محەممەد، "لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا دەنگدەر تەنیا بە کارتی بایۆمەتری نوێ دەتوانێت دەنگ بدات."
لەبارەی جۆری ئەو ئامێرانی لە هەڵبژاردنەکەدا بەکاردەهێنرێت بەرپرسی نووسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پارێزگای هەولێر گوتیشی، هەمان ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشدا بەکاردەهێنرێن و هەوڵ دەدرێت ئەو گرفتانەی لە خوێندنەوەی پەنجەمۆردا لە بەشێک لە ناوچەکانی عێراق لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا روویاندا لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستاندا روونەدەنەوە.
حەیدەر محەممەد، باسی لە چارەنووسی کارمەندانی گرێبەستی کۆمیسیۆن کرد و گوتی، "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە هەوڵ و گفتوگۆدایە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق تاوەکو کارمەندانی گرێبەست بە هەمیشەیی دابمەزرێندرێن."
ئەو گوتانەی بەرپرسی نووسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پارێزگای هەولێر لەکاتێکدایە کە بە گوێرەى نووسراوێکى یاریدەدەرى سەرۆکى فەرمانگەى هەڵبژاردن بۆ کاروبارى تەکنیکى لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، کە 9ـی کانوونى دووەمى 2024، ئاراستەى سەرۆکى ئەو فەرمانگەکەى کردووە، خشتەیەکى نوێى ئامادەکارى کۆمیسیۆنى ئاراستە کردووە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە ساڵى 2024دا.
بەپێی نووسراوەکە ئەو خشتەى کارە ئاراستەى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران دەکرێت بەمەبەستى پەسندکردنى و لەسەر ئەو بنەمایەش وادەیەک لە چەند رۆژى داهاتوودا دیاریدەکرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەرى لەگەڵ نوێنەرانى هەرێمى کوردستان.
رۆژی 3ـی کانوونى دووەمى 2024، کۆمیسیۆن نووسراوى فەرمى بۆ هەرێمى کوردستان کرد و ئاماژەى بەوەداوە، ناتوانێت لە 25ـی شوباتی 2024 کە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیاری کراوە، هەڵبژاردن بەڕێوەببات.
دواکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەیوەندی بە سکاڵایەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دادگەی فیدراڵی هەیە، کە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، سەرۆکی فراکیسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییەوە تۆمار کراوە.
سکاڵاکە لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان (خولی پێنجەم)، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، تێیدا سکاڵاکاران داوای نادەستووریبوونی مادەکانی (36،22،15،9،1)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە و داواکە تەنیا بۆ بڕیاردان ماوەتەوە.
سکاڵاکان پەیوەندییان بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، کورسیی کۆتاکان، تۆماری دەنگدەران و بازنەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ