رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ماوەی لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی گرێبەستی ئەلیکترۆنیی ئۆتۆمبێلی بۆ ئەو کەسانەی سزاکەیان لەسەرە، درێژ کردەوە. بەڕێوەبەری هاتووچۆی دهۆکیش رایگەیاند: "دوا وادە 1ی شوباتی 2025ـە."
هەموو ئەو کەسانەی ئۆتۆمبێل دەکڕن، دوو مانگ کاتیان هەیە بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلەکانیان؛ ئەگەر بە هەر هۆکارێک نەیانتوانیبێت تۆماری بکەن، بۆ هەر رۆژێک دواکەوتن 10 هەزار دیناریان لەسەر هەژمار دەکرێت.
رۆژی شەممە، 11ی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە: "بڕیارێکی نوێمان بۆ کارئاسانیی هاووڵاتییان دەرکرد، بەپێی بڕیارەکە لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی ئەو گرێبەستە ئەلیکترۆنییانە کراوە کە لە ماوەی یاسایی 60 رۆژدا مامەڵەی گواستنەوەی خاوەندارییەتییان بۆ نەکراوە."
وەزارەتەکە باسی لەوەش کرد: "ئەم بڕیارە هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بە هەر هۆکارێک بێت نەیانتوانیوە لە کاتی دیاریکراودا ئۆتۆمبێلەکانیان تۆمار بکەن، بەو مەرجەی تاوەکو 1ی شوباتی 2026، سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن."
یەکەمین جار 17-12-2025 بوو وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری لێخۆشبوونی دەرکرد. عەمید رێبەر عەبدولعەزیز، بەڕێوەبەری هاتووچۆی دهۆک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێش پشووەکانی سەری ساڵ بۆ جاری یەکەم ئەم بڕیاری لێخۆشبوونە دەرچوو، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم پشووی سەری ساڵ هاتە پێش، بۆیە زۆر کەس لێی سوودمەند نەبوون؛ بۆیە وەزارەت کاتەکەی درێژ کردەوە تاوەکو سەرەتای مانگی شوبات."
عەمید رێبەر عەبدولعەزیز، گوتیشی: "دوای ئەو 60 رۆژەی لە سیستەمدا دانراوە، هەر کەسێک ئۆتۆمبێلەکەی تۆمار نەکات، بۆ هەر رۆژێک 10 هەزار دینار سزای دارایی دەدرێت و لەو بڕە پارەیە خۆش دەبن."
گرێبەستی ئەلیکترۆنی لەلایەن کۆمپانیا و پێشانگەکانی ئۆتۆمبێلەوە بۆ هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانە دەکرێت کە دەفرۆشرێن. کڕیار هەرکاتێک بیەوێت ئۆتۆمبێلەکە بکاتە سەر ناوی خۆی، مەرجە گرێبەستی ئەلیکترۆنی کردبێت بۆ راییکردنی مامەڵەکەی لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ