رووداو دیجیتاڵ
ئەو شۆفێرەی بەیانیی ئەمڕۆ لە سنووری شارەدێی وەرتێ کە لە دوو منداڵی (خوشک و برا)ی دا و بووە هۆی گیانلەدەستدانیان، خۆی رادەستی پۆلیس کرد. سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێت: "شۆفێرەکە دانیشتووی وەرتێیە."
ئەمڕۆ لەسەر جادەی گوندی "سەرنەوس" لە ناحیەی وەرتێی سنووری قەزای رواندز، ئۆتۆمبێلێک لە خوشک و برایەکی دا و هەردووکیان گیانیان لەدەستدا، رووداوەکە لەکاتی گەڕانەوەی منداڵەکان بووە لە قوتابخانە، دواتر شۆفێرەکە هەڵاتبوو.
رۆژی یەکشەممە، 11ـی کانوونی دووەمی 2026، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شۆفێرەکە ئەمشەو خۆی رادەستی بنکەی پۆلیسی وەرتێ کردووە."
سەبارەت بە ناسنامەی شۆفێرەکە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران گوتی: "شۆفێرەکە دانیشتووی شارەدێی وەرتێیە و لێکۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵیدا دەستیپێکردووە."
ئەو دوو قوتابییە کە خوشک و برای یەکتر بوون، ناویان زەریا زریان عەبدولڕەحمان، تەمەن 9 ساڵ و هەناسە زریان عەبدولڕەحمان، تەمەن 7 ساڵە.
پۆلیسی سۆران ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای رووداوەکە هەردوو منداڵەکە بەهۆی سەختیی برینەکانیان گیانیان لەدەستداوە. شۆفێرەکە سەرەتا هەڵاتووە و ئۆتۆمبێلەکەی لە شوێنی رووداوەکە جێهێشتووە، بەڵام دواتر بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی رواندز و بەپێی مادەی 24ـی یاسای هاتووچۆ، دەستگیرکراوە و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەشیدا گیراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ