رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتەوە دەڵێت: "دەمانەوێت حکومەتێک هەبێت کە باشترین حکومەت بێت لە مێژووی حوکمڕانی کوردستاندا؛ ئەوە نیازی یەکێتییە و دڵنیام نیازی پارتیشە."
قوباد تاڵەبانی ئەم گوتانەی ئەمڕۆ سێشەممە، 11ی شوباتی 2025، لە میانی کۆڕبەندی لووتکەی حکومەتەکان لە دووبەی بۆ سەنگەر عەبدولڕەحمان، پێشکێشکاری رووداو کرد.
کۆڕبەندەکە هەر ئەمڕۆ دەستیپێکردووە و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت؛ چاوەڕوان دەکرێت زیاتر لە 30 سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵات، لەگەڵ زیاتر لە 400 وەزیر بەشداریی بکەن. هاوکات بە بەشداریکردنی سەرۆک و بەڕێوەبەری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هەزاران کەسایەتیی نێاداری جیهانی لە سەرجەم بوارەکاندا.
لە میانەی کۆڕبەندەکەدا کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی و چەندین وەزیری دیکەی حکومەت لە کۆڕبەندەکە بەشدارن. سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی رووداو لە دوبەی هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سازداوە.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ قوباد تاڵەبانی:
رووداو: سڵاو، کاک قوباد زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە
قوباد تاڵەبانی: زۆر سوپاس؛ خۆشحاڵم کە لێرە دەتانبینم.
رووداو: کاک قوباد، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لێرەن، بۆچی هاتوونەتە دوبەی، دەتانەوێت بەشداریکردنتان لەو کۆڕبەندەدا چی لێ وەرگرن و سوودەکەی چییە بۆ هەرێمی کوردستان؟
قوباد تاڵەبانی: پێشەکی سوودی ئەم کۆڕبەندانە، هەم پانێڵەکانن؛ هەم کۆبوونەوەکانن کە لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا ئەنجام دەدرێت. هاوکات بینینی ئەو هەموو لایەنە حکومی و ناحکومییانەن کە لێرەن و ئێمە بتوانین پەیوەندییان پێوە بکەین؛ بتوانین پەیوەندییان لەگەڵ بکەین و سوود لە ئەزموونیان وەربگرین. بۆیە ئەم کۆڕبەندانە هەم بۆ یەکترناسین و بۆ گەیاندنی دۆزەکەی ئێمەش کاریگەریی خۆی هەیە.
رووداو: کاک قوباد، ئەوەی زۆر سەرنجی دەخرێتە سەر لەم کۆڕبەندەدا، باشترکردنی حکومەتەکانە لە داهاتوودا، کۆتاییهێنانی ئەو رۆتینەی هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە پێوەی دەناڵێنێت؛ چۆن دەتوانین سوود لەوە ببینین؟
قوباد تاڵەبانی: سوود وەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتێکی وەکو ئیمارات، کە هەنگاوی زۆر باشیان لەپێناوی رۆتینات ناوە؛ لەپێناوی دروستکردنی ژێرخانێکی پتەو؛ لە رێگەوبان بێت؛ لە سیستمی پاس بێت؛ لە چۆنیەتیی ئیدارەدانی شارەوانییەکانیان بێت. ئەمانە هەموو ئەزموونی باشن کە ئێمە بتوانین سوودیان لێوەربگرین؛ بۆیە پانێڵەکانیش هەموویان باسی ئەو پێشکەوتنانە دەکەن لە جیهانی پێشکەوتندا و لە جیهانبینیی حوکمڕانیدا. رەنگە ستایلەکەی ئێمە بە حوکمی ئەو کێشانەی پێیدا رۆیشتووین هەندێک دامەزراوەی تەقلیدیمان هەبێت بۆ نموونە؛ لێرە دەبینین چۆن دامەزراوەی حکومی و کەرتی تایبەت یەکیان گرتووە بۆ بەڕێوەبردنی هەندێک کەرت. ئێمە دەتوانین زۆر سوود لەو جۆرە ئەزموونانە ببینین. بۆیە بەش بە حاڵی خۆم خۆشحاڵم لێرەم و لێرەین. ئیشاڵڵا سوودیشی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت.
رووداو: چۆن بوو لەگەڵ کاک مەسرور پێکەوە لێرەن؟ دوێنێ کە زانیمان لەگەڵ کاک مەسرور بە یەک فڕۆکە هاتوون، هەواڵێکی سەرنجڕاکێش بوو و باسمان کرد.
قوباد تاڵەبانی: بەداخەوە کە ئەوە سەرنجڕاکێش بێت؛ دەبێت شتێکی زۆر ئاسایی بێت کە سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت بەیەکەوە گەشتێک بکەن.
رووداو: چەند ساڵێکە گەشتتان پێکەوە نەکردووە، چۆن بوو ئەمجارە پێکەوە هاتوون؟
قوباد تاڵەبانی: ئەوە گرنگە کە لێرەین بەیەکەوە.
رووداو: وا دیارە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەنگاوی باشی بڕیوە؛ وا دیارە کێشەکان بەرەو چارەسەر دەچن؛ گشبینی بۆ ساڵی 2025؟
قوباد تاڵەبانی: گەشبینم؛ بەڵام پێشتریش گەشبین بووین؛ بۆیە دەبێ هەم گەشبین بین، هەمیش بەردەوام بین. بەردەوام بین لە گفتوگۆکان؛ بەردەوام بین لە ناردنی شاندەکان؛ بەردەوام بین لە پێشوازیکردنی شاندەکانی ئەوان؛ بەردەوام بین لەو گفتوگۆیەی کە پێویستە لە نێوانمان بەردەوام بێت. لە رووی سیاسی، تەکنیکی، ئەمنی و ئابوورییەوە؛ هەست دەکەم گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتنێک لەسەر پرسی مووچە؛ بەڵام لە بیرمان نەچێت دۆزی کورد...
رووداو: لێکتێگەیشتن یان رێککەوتن؟
قوباد تاڵەبانی: رێککەوتن، بەڵام رێککەوتنیش بەبێ لێکتێگەیشتن نابێت. بەڵام پرسی ئێمە تەنیا پرسی مووچە نییە؛ بەداخەوە پرسی مووچە، راستە گرنگە، راستە کاریگەری لەسەر تاک بە تاکی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کردووە. بەڵام دۆزی کورد و کوردستان زۆر لە پرسی مووچە گەورەترە. ئێستا کە کێشەی مووچە چارەسەر بووبێت، کە هیوادارین چارەسەر بووبێت؛ دەتوانین بێینە سەر دۆزەکانی دیکە؛ کە پێگە و هەیبەتی کوردستان پارێزراو بمێنێتەوە لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵیدا.
رووداو: بە بڕوای جەنابت بۆ ساڵی 2025 مووچەخۆران دەتوانن مووچەکانیان لە کاتی خۆیدا وەربگرن؟
قوباد تاڵەبانی: بەپێی ئەو رێککەوتنەی هەمانە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و بەڵینەکانی وەزارەتی دارایی، ئەو لیستەی مانگی یەک کە پێشکێش کرا و پەسند کرا؛ ئیتر ئەوە بۆ ساڵەکە دەبێتە قاڵبێک بۆ ئەوەی بتوانین مانگانە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدرێت.
رووداو: بەبێ کێشە.
قوباد تاڵەبانی: بەبێ کێشە.
رووداو: کاک قوباد، گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی لەسەر پێکهێنانی حکومەت گەیشتووەتە کوێ؟
قوباد تاڵەبانی: بەردەوامن، پێموایە هەنگاوی باشیان ناوە، کۆبوونەوەکان لە دوو ئاستدا ئەنجام دەدرێن؛ بڵێین لە ئاستێکی باڵا و سیاسی؛ بەڵام بۆمان دەرکەوت بەشێکی زۆر لە بابەتەکان لە رووی تەکنیکیەوە باس بکرێن؛ کە پەیوەندییان بە گەوهەری حوکمڕانییەوە هەیە. پەیوەندییان بە گەیشتن بە تێگەیشتنێک لەسەر پرسی شەراکەت لە حوکمڕانی، بڕیاردان، بەرپرسیاریەتی و بابەتەکان هەیە؛ من پێم وایە هەنگاوێکی باش چووینەتە پێشەوە و لاپەڕەیەکی هاوبەش ئامادەکراوە؛ کە هەندێک خاڵی تێدایە لەسەریان کۆکین.
رووداو: لە چی کۆکن و لە چی ناکۆن؟
قوباد تاڵەبانی: جارێ ئەوەتان پیناڵێم؛ چونکە ئێمە لە نێوان خۆماندا هەوڵ دەدەین ئەوانەی کە کۆکین لەسەریان زیاتر بن؛ ئەوانەی کە کۆکین دەبێت ئالیەتیان بۆ دابنرێت خۆ ئێمە زۆر جار رێککەوتن هەبووە لە نێوان پارتی و یەکێتیدا، بەڵام کە سەیری رێککەوتنەکان دەکەی، کۆمەڵێک سەردێڕ بوون؛ هیچ جۆرە ئالیەتێکیان نەبووە بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردن و ناوەرۆکی ئەو رێککەوتنە؛ ئەی ئەگەر لایەنێک پابەند نەبوو، چی روو دەدا، ئێمە دەمانەوێ...
رووداو: ئەمجارە چوونەتە وردەکارییەوە؟
قوباد تاڵەبانی: چووینەتە وردەکارییەکی زۆر قووڵەوە؛ بۆیە داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش دەکەین کە ئارامیان هەبێت؛ دەمانەوێت حکومەتێک هەبێت کە باشترین حکومەت بێت لە مێژووی حوکمڕانی کوردستاندا؛ ئەوە نیازی یەکێتییە؛ دڵنیام نیازی پارتیشە؛ بۆیە دەمانەوێت حکومەتێکمان هەبێت ئیتر نەهێڵین سیاسەت و جەوە سیاسییەکە، کاریگەری لەسەر ئەدای حکومەت نەبێت.
رووداو: لە فڕۆکەدا لەگەڵ کاک مەسرور باسی پێکهێنانی حکومەت و نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتیتان کرد؟
قوباد تاڵەبانی: بێگومان لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران باسی زۆر شتمان کرد.
رووداو: کاک قوباد کەی حکومەت پێکدێت؟ کەی لەگەڵ پارتی دەگەنە ئەو رێککەوتنەی بڵێن ئەو مانگە حکومەت دروست دەبێت؟
قوباد تاڵەبانی: وەڵامێکم نییە؛ چونکە بابەتەکان وەکو گوتم، بەلای منەوە زۆر گرنگترە حکومەتێکی تۆکمەمان هەبێت؛ کە ئەرک و دەور و بەرپرسیاریەتییەکان روون و ئاشکرا بن بۆ هەموو ئەو لایەنانەی کە حکومەتەکە پێک دەهێنن، گرنگترە و بەردەوامتر دەبێت لە حکومەتێک کە هەر بە پەلەپەل پێکی بهێنین لەپێناوی دروستکردنی روانینێک کە هیچ کێشە لە هەرێمی کوردستاندا نییە.
رووداو: لەسەر پۆستەکان قسەتان کردووە؟
قوباد تاڵەبانی: نەخێر، هەرگیز.
رووداو: لەگەڵ پارتی تائێستا لەسەر پۆست قسەتان نەکردووە؟
قوباد تاڵەبانی: هەرگیز.
رووداو: تەنیا لەسەر شێوازی حوکمڕانی؟
قوباد تاڵەبانی: تەنیا لەسەر شیوازی حوکمڕانی، بڕیاردان، دانانی لەپێشینە و دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیاریەتیمان قسەمان کردووە.
رووداو: حکومەت تەنیا پارتی و یەکێتی دروستی دەکەن؟ یان لایەنەکانی دیکەیش تێیدا بەشدار دەبن؟
قوباد تاڵەبانی: جارێ نازانین!
رووداو: ئەو گفتوگۆیانەی یەکێتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە کردوویەتی، هیچ ئاماژەیەک هەیە لایەنی دیکە بەشدار بن؟
قوباد تاڵەبانی: من بە ئیشی خۆمی نازانم باسی بۆچوونی لایەنی دیکە بکەم؛ ئەوە خۆیان.
رووداو: ئێوە لەگەڵیان کۆبوونەتەوە؟
قوباد تاڵەبانی: ئێمە و پارتی لەگەڵ هەموو لایەنەکان کۆبووینەتەوە؛ بەڵام دیسان ئەوە ئیشی من نییە بۆچوونی لایەنێکی دیکەتان پێشکێش بکەم؛ ئەوە خۆیان دەتوانن بیکەن؛ هاوکات هەندێکیشیان کردوویانە.
رووداو: زۆر زۆر سوپاس کاک قوباد.
قوباد تاڵەبانی: بەڕێزی گیان، چاوی منیت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ