پزیشکێک لە کۆبانی: دەرمان زۆر کەمە و دەستناکەوێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
رەفەی دەرمانخانەیەک لە کۆبانێ زۆربەی بەتاڵە
رەفەی دەرمانخانەیەک لە کۆبانێ زۆربەی بەتاڵە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پزیشکێک لە کۆبانی دەڵێت، بەهۆی گەمارۆکانی سوپای عەرەبیی سووریاوە، سەرجەم دەرمانەکان لە شارەکە 70٪ کەمیان کردووە و دەستکەوتنیان ئەستەمە. راشیگەیاند، نرخی ئەو دەرمانانەش کە بەردەستن، 40٪ بەرزبووەتەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 11-02-2026، بەختیار مدریس، پزیشک لە کۆبانی، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشیکرد، لەبارەی دۆخی تەندروستیی شارەکە رایگەیاند، بەهۆی گەمارۆکانەوە، سەرجەم جۆرەکانی دەرمان بە سەختی دەستدەکەون.
 
زیاتر لە 25 رۆژە گەماڕۆی سوپای عەرەبیی سووریا لەسەر کۆبانی بەردەوامە و سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو، کارەبا، سووتەمەنی و ئینتەرنێت لەسەر شارەکە بڕاون. بەگوتەی بەختیار مدریس، بەهۆی خواردنەوەی ئاوی پیس، نەخۆشیی سکچوونیش بەتایبەتی لەنێو منداڵاندا بڵاو بووەتەوە. 
 
ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوە کرد، دەرمانی بەردەست لە دەرمانخانەکانی کۆبانی، زیاتر لە 70٪ کەمی کردووە، ''ئەوەش کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر دۆخی تەندروستیی شارەکە داناوە و ژیانی منداڵان و بەساڵاچووانی خستووەتە مەترسییەوە.''
 
وەک بەختیار مدریس دەڵێت، پێشتر دەرمان لە هەرێمی کوردستانەوە لە رێگەی دەروازەی سنووریی پێشابوور و هەروەها لە رێگەی بازرگانییەوە لە دیمەشق و حەلەبەوە دەگەیشتە کۆبانی، ''بەڵام ئێستا بەهۆی گەمارۆکانەوە، نرخی ئەو دەرمانانەی، کە بە قاچاخیش دەگەنە شارەکە، 40٪ بەرزبووەتەوە.''
 
نەخۆشخانەیەکی حکومی و دوو نەخۆشخانەی تایبەت لە کۆبانی هەن. ئەو پزیشکە ئەوەشی خستەڕوو، ''دۆخی تەندروستی لە نەخۆشخانە تایبەتەکانیش خراپە و تەنانەت هەندێک دەرمان و پێداویستیی تایبەت بە تاقیگە پزیشکییەکانیش دەستناکەون.''  
 
بەختیار مدریس ئاماژەی بە هاوکارییەکانی مانگی سوور و خاچی سووری نێودەوڵەتی کرد بۆ کۆبانی و گوتی: ''هەندێک دەرمانیان گەیاندووەتە شارەکە، بەڵام بەداخەوە لە ئاستی پێویستدا نین.''
 
سەرەڕای ئەوەی 30ـی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشق رێککەوتنێکیان واژۆ کرد و شەڕ راگیرا، بەڵام هێشتا گەمارۆی سوپای عەرەبیی سووریا لەسەر کۆبانی هەڵنەگیراوە و سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی لەسەر خەڵک بڕاون. 
 
هاونیشتمانییان لە کۆبانی داوای کردنەوەی رێڕۆی مرۆیی و گەیاندنی هاوکاریی خێرا بە شارەکە دەکەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند گڵۆپێک. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

عەزیز ئەحمەد: نرخی کارەبا زیادنەکراوە داشکاندنیش بۆ ئەوانەیە بە ئی پسوولە پارە دەدەن

جێگری بەڕێوبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک دەستکاری نرخی کارەبا نەکراوە. هۆکاری بەرزبوونەوەی پارەی پسوولەکان بۆ زۆریی خواست و درێژیی ماوەی خوێندنەوەی پێوەرەکان دەگەڕێنێتەوە. راشیگەیاند، داشکاندنی 20٪ بۆ ئەو هاوبەشانەیە لە رێگەی سیستەمی دیجیتاڵییەوە پارەی کارەبا دەدەن.