رووداو - هەولێر
بۆ یەکەم جار لە هەرێمی کوردستان، کێبڕکێی (Genius Map) بەڕێوەچوو کە تێیدا قوتابییان فێردەکرێن چۆن مێشکیان وەک ئامێرێکی خێرا بۆ شیکارکردنی هاوکێشە بیرکارییەکان بەکاربهێنن.
کێبڕکێکە لەلایەن ئەکادیمیای سابیس رێکخراوە و 115 قوتابی لە پۆلی یەک تاوەکو 7 لە پێنج قوتابخانەی سەر بە ئەکادیمیاکە بەشداربوون. پرۆگرامەکە پشت بە تەکنیکی ژاپۆنیی "سۆرۆبان" دەبەستێت.
هادی هەمزە، بەڕێوەبەری کێبڕکێکە بە رووداوی راگەیاند، یەکێک لە پێوەرەکانی کێبڕکێکە ئەوەیە قوتابییان دەبێت لە ماوەی تەنیا چوار خولەکدا 100 کردەی بیرکاری شیکار بکەن، لەکاتێکدا "بە گشتی قوتابییەکی ئاسایی پێویستی بە نزیکەی 40 خولەک دەبێت بۆ هەمان کار."
بەڕێوەبەری کێبڕکێکە گوتیشی: "ئەم رێگە ژاپۆنییە یارمەتیی قوتابی دەدات زۆر خێرا بێت، بەلایەنی کەمەوە 100 جار خێراتر لە قوتابییەکی ئاسایی."
نەدا ئەبو ساڵح، سەرپەرشتیاری کێبڕکێکە ئاماژەی بەوە کرد، قوتابییەکان لە ماوەی دوو مانگدا پێشکەوتنی زۆریان بەخۆیانەوە بینیوە و گوتی: "ئەم پرۆگرامە تەنیا توانای هزری لە بیرکاری بەرەوپێش نابات، بەڵکو وادەکات متمانەیان بەخۆیان زیاتر بێت و بیریان بەهێز دەکات."
ئامانجی سەرەکیی بەڕێوەبەرانی کێبڕکێکە و ئەکادیمیای سابیس ئەوەیە لەم سەردەمەدا کە زۆربەی قوتابییان ئامێرە زیرەکەکان بەکاردەهێنن، ئەم تەکنیکە یارمەتیدەر بێت بۆ "بنیاتنانی کەسایەتیی داهێنەر و چالاک لە هزر و کرداردا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ