لە ورمێ مامۆستایەک لە قوتابییەک دەدات و حەوزی دەشکێنێت

11-03-2024
هیدایەت جان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە ناوچەی سۆمای برادۆستی شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک لە قوتابییەک دەدات و باوکی ئەو منداڵەش دەڵێت، بەهۆی لێدانەکەوە حەوزی شکاوە.
 
لە قوتابخانەی گوندی هورسینی ناوچەی سۆمای برادۆست یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەکە لە قوتابییەکی پۆلی حەوتی سەرەتایی دەدات و بەهۆیەوە حەوزی منداڵەکە دەشکێت، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگاکەش دەڵێت مامۆستاکە لە کارەکەی دوورخراوەتەوە. ئەو قوتابییە خەڵکی گوندی جوهنییە و رۆژانە بۆ خوێندن دەچێتە گوندی هورسین.
 
باوکی ئەو منداڵە بۆ میدیاکان قسەی کردووە و دەڵێت، بەهۆی لێدانی مامۆستاکە، "کوڕەکەم رەوانەی نەخۆشخانە کراوە و دەرکەوتووە حەوزی شکاوە. ئێستاش بۆ چارەسەرکردن لە نەخۆشخانە خەوێندراوە."
 
بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەشکەنجەدانی ئەو منداڵە لە میدیاکان بووە هۆی ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگای ورمێ بەدواداچوون بۆ رووداوەکە بکات.
 
دوای لێکۆڵینەوە، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگای ورمێ رایگەیاند: "بەهۆی لێدان و ئازاردانی قوتابییەک لە گوندی هورسینی ناوچەی سۆمای برادۆستی ورمێ لەلایەن یەکێک لە بەرپرسانی قوتابخانەکە، وێڕای دوورخستنەوەی لە کارەکەی، بڕیاردرا ئەو کەسە رووبەڕووی یاسا بکەینەوە".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە: "وەزیری پەروەردە فەرمانی کردووە، هەر جۆرە لێدان و ئازاردانێکی قوتابیان هێڵی سوورە و لەسەر ئەو بابەتە هیچ چاوپۆشییەک ناکرێت، بۆیە ئەو مامۆستایانەی لە هەوڵی بەردەوامن بۆ پەروەردە و راهێنانی منداڵانی ئەم نیشتمانە، لەم جۆرە رەفتارانە بێبەرین".
 
گوندی هورسین سەر بە ناوچەی سۆمای برادۆستی شاری ورمێیە و بەگوێرەی سەرژمێریی گشتی ساڵی 2006 ژمارەی دانیشتووانی هەزار و 147 کەسە و 178 ماڵ لە گوندەکەدا هەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک پارچەزەوی لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

زانیاری بۆ ئەو کەسانەی تاوەکو ئەمڕۆ ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی دەرنەچووە

ساڵێک و 8 مانگە بڕیاری دابەشکردنی زەوی بە فەرمانبەران و خانەنشینی هەرێمی کوردستان دراوە، بەڵام ژمارەیەک کەس ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی دەرنەچووە. بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی دەڵێ، 480 هەزار کەس مامەڵەیان تەواو کراوە و ئەوانەی ماون ناویان بۆمان نێردراوە.