سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بۆ رووداو: سبەی دەست بە خەرجکردنی مووچە دەکرێت

11-03-2025
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی عێراق بە رووداوی راگەیاند، لەسەر داوای محەممەد شیاع سوودانی، سبەی چوارشەممە دەست بە خەرجکردنی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت. 
 
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ئەمڕۆ لەدوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران پێیڕاگەیاندووە، سبەی بەیانیی زوو نووسراوی خەرجکردنی مووچەی مانگی 2، رەوانەی لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق دەکەن تاوەکو پارەکە بخرێتەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان. 
 
ئەمە لەکاتێکدایە، تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە نەدراوە لەبارەی ناردنی مووچە. پێشتریش وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، تەواوی کەیسی ناردنی پارەی مووچە لەلای وەزارەتی دارایی عێراقە و ئەوان بڕیار لە کاتی ناردنی دەدەن.
 
هاوکات، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەوەی تەیف سامی دەیکات، قبووڵ ناکرێت و "ئەو تەنیا فەرمانبەرێکە لە وەزارەتەکەی". باسی لەوەش کرد، لەگەڵ سوودانی کۆبووەتەوە، ئەو گوتوویەتی، مووچە دەنێرێت. داوایشی کرد سوودانی زیاتر لە بابەتی مووچە روونتر بێت و "نابێت تەیف سامی تەنیا مامەڵەی پێوە بکات".
 
ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو، هەر بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، لە کۆبوونەوەکەدا بەهیچ شێوەیەک باسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەکراوە و ئەو بابەتە نەخراوەتە نێو گفتوگۆکانەوە. 
 
سەرچاوەکەی رووداو باسی لەوەش کرد، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق راستەوخۆ فەرمانی بە وەزیری دارایی کردووە مووچەی مانگی شوبات خەرج بکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە