رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.8 لە سنووری هەولێر روویدا، بەگوێرەی زانیارییەکان چەقەکەی لەنێوان قەزای مێرگەسۆر و جۆلەمێرگ دا بووە.
چەند هاونیشتمانییەک لە ناوەندی پارێزگای هەولێر پەیوەندییان بە رووداو کرد و گوتیان، هەستیان بە بوومەلەرزەکە کردووە.
بەگوێرەی ئامارێک کە دەزگەی ئافادی تورکیا لە تۆڕی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، چەقی بوومەلەرزەکە لەنێوان مێرگەسۆر و جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان روویداوە.
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "گوڕی بوومەلەرزەکە 4.8 پلە بووە، چەقەکەی لەنێوان باشوور و باکووری کوردستان بوو."
هاونیشتمانییان لە سۆران، رواندز، ئاکرێ، بەردەڕەش و چەند شوێنێکی دیکەیش هەستیان پێکرد.
بە گوتەی غەریب مەجید، پەیامنێری رووداو لە زاخۆ: هاونیشتمانییانی سنووری زاخۆش هەستیان بە بوومەلەرزەکە کردووە.
3ـی ئەم مانگەش هەر لە سنووری قەزای کەلار بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.2 پلە روویدا.
7ـی ئاداری 2025، عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 15:41ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.0 پلەی رێختەر، لە دووری 9 کیلۆمەتر لە ناوەندی قەزای کەلار روویدا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ