رووداو دیجیتاڵ
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت 72 جۆر شیر و وزەبەخش (29 جۆر شیری قاچاخ و 43 جۆر خواردنەوەی وزەبەخشی نایاسایی) دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان، نزیکەی 50 رۆژیشە وەزارەتی تەندروستی داوای کۆکردنەوەی ئەو شیر و خواردنەوانەی کردووە، بەڵام هێشتا نەکراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 11ی نیسانی 2022، عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "من هەموو بەڵگە یاساییەکانم داوەتە دەستەی دەستپاکی و داواکاری گشتی و پێشتریش داومەتە وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت، 29 جۆر شیر لە چەندین وڵاتەوە بە قاچاخ و نایاسایی دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان، هاوکات 43 جۆر خواردنەوەی وزەبەخشیش بە هەمانشێوە کە هەمووی کاریگەریی خراپی بۆ تەندروستیی خەڵک هەیە".
عەلی حەمەساڵح، گوتیشی: "بەپێی نووسراوی وەزارەتی تەندروستی، کە 48 رۆژ لەمەوبەر ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کردووە بۆ ئەوەی ئەو شیر و خواردنەوانە نەهێنرێنە ناو بازاڕەکان و ئەوانەشی هەیە کۆبکرێنەوە، بەڵام ئەوەی هەیە بەهیچ شێوەیەک کۆ نەکراوەتەوە و هەر لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێن."
عەلی حەمەساڵح دەڵێت پرسیاری ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆش کردووە بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو و وەزارەتی تەندروستی بدەنەوە، چونکە وەزارەتی تەندروستی لە نووسراوەکەیدا دەڵێت ئەو شیر و وزە بەخشانە رێگەپێدانیان نییە و پێویستە کۆبکرێنەوە.
د. ئیبراهیم مستەفا، بەرپرسی هۆبەی بازاڕی نێوخۆیی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنیدا لە بەرنامەی لەگەڵ رەنجی تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژی 10ی نیسانی 2022 رایگەیاند، ئەوان لە دیوانی وەزارەتی تەندروستی، "بەرپرسن لە 5 ماددە، شیر، رۆن و زەیت، خواردنەوەی وزەبەخش، خواردنەوە کحولییەکان و ماددە سەرەتاییەکان کە لە کارگەکان بۆ دروستکردنی خۆراک بەکاردێن".
بەرپرسی هۆبەی بازاڕی ناوخۆیی لە وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەدا لە بەدوادچوونەکانیان کە بۆ بازاڕ کردوویانە، بۆیان روون بووەتەوە کە "38 جۆر شیر لە بازاڕدا هەیە؛ 12 جۆرمان تێبینی کردووە کە تۆمار نین و رێگەپێدانی وەزارەتی تەندروستییان نییە؛ لە 47 جۆری خواردنەوە وزەبەخشەکانیش 41یان تۆمار نین و رێگەپێدانی وەزارەتی تەندروستییان نییە؛ لەو 41 جۆرە 10 جۆریان بەرهەمی نێوخۆن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ