رووداو دیجیتاڵ
تادێ هێزی زیاتری سوپای عێراق لە گوندی پەلکانە جێگیر دەکرێ. پشتیوان بەو هێزە، عەرەبی هاوردە خێوەتیان هەڵداوە و دژی کوردی گوندەکە گردبوونەتەوە.
تیمی رووداو چوونە نێو خێوەتەکەی عەرەبەکان، ژمارەیان 40 بۆ 50 کەسە و بەشێکیان نووسراو و گرێبەستیان بەدەستەوەیە، دەڵێن "ئێمە، خەڵکی رەسەنی پەلکانەین و تاوەکو مافەکانمان وەرنەگرینەوە رێگە بە درووێنەکردن نادەین."
جەبار عەباس، عەرەبی پەلکانە دەڵێت "کورد برای ئێمە و ئەگەر مافیان هەیە با بیبەنەوە. ئێمە، داوا لە دادگەی فیدراڵی و سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین کێشەکەمان بۆ چارەسەر بکەن، ئەگینا کێشەی عەشاریری لەنێوانمان دروست دەبێت و کێشەکە گەورە دەبێت، ئەگەر فەرمانی دروێنەکردنیش هەبێت، قبوڵ ناکەین و ناهێڵین دروێنە بکرێت."
لە زۆربەی ناوچەکانی کەرکووک، خەڵک بۆ پشتیوانیکردنیان چوونەتە دیوەخانی کەسایەتیێکی کوردی پەلکانە.
کورد لە سنووری سەرگەڕان، کە ژمارەیان زیاتر لە 10 گوندە، تاپۆی زەوییەکانیان هەیە و ئامادە نین دەستبەرداری بن.
محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی پەلکانە دەڵێت "هەموو ئەو نووسراوانەی لەلای ئەوانە (عەرەبە هاوردەکان) ساختەیە. من، بەڵگەم لایە ئەو گرێبەستانەیان بە ساختە کردووە و قەرەبووی ماددەی 140ـیان وەرگرتووە. ئەوان دەڵێن ئەگەر حکومەتیش بڕیار بدات رێگە نادەین دروێنە بکەن."
هەروەها گوتی "ئێمە دەڵێن تەنیا سوپا و هێزە ئەمنییەکان بکشێننەوە، ئەوەی دیکە بۆ خۆمان جێبهێڵن، ئەوان داگیرکەرن و ئێمە بە پێنج خولەک دەریاندەکەین لێرە."
بەپێی بەڵگەنامەکانی نووسینگەی کەرکووکی ماددەی 140، ئەو عەرەبانەی لە پەلکانە خێوەتیان هەڵداوە، عەرەبی هاوردەن و قەرەبووی ماددەی 140ـیان وەرگرتووە، بەڵام دەیانەوێت پشتئەستوور بە هێزە عێراقییەکان بێنەوە گوندەکە و لەسەر زەویی کورد، کشتوکاڵ بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ