رووداو دیجیتاڵ
لەسەر رێگەی هەولێر-کەرکووک، سەرەڕای قەدەخەکردنی سەربڕینی ئاژەڵ بەهۆی مەترسییەکانی تای خوێنبەربوونەوە، هێشتا بازاڕی ئاژەڵفرۆشان گەرمە. ئەمەش لەکاتێکدایە پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لە نەبوونی کوشتارگەی ستاندارد و کەمیی پزیشکی ڤێتێرنەری لە هەرێمی کوردستان.
ئاژەڵفرۆشێک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە رووداوی گوت: "راستە ئێستا سەربڕین قەدەخەیە و پابەندین، بەڵام لە رابردوودا و لە کاتی ئاساییدا زۆرجار لێرە ئاژەڵ سەربڕدراوە و خەڵکیش کڕیویەتی."
پزیشکانی ڤێتێرنەری رێنمایی خەڵک دەکەن تەنیا ئەو گۆشتە بکڕن کە مۆری سەربڕخانە فەرمییەکانی پێوەیە، بەڵام وەک بەرپرسانی کوشتارگەش ئاماژەی پێدەکەن، هێشتا گەرەنتی تەواو نییە ئەگەر پابەندیی تەواو نەبێت.
هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی مۆدێرنی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە لە کوشتارگەی مۆدێرن هەموو رێکارێکی ڤێتێرنەری دەگرینەبەر و گۆشتی پشکندراو و مۆرکراو دەدەینە بازاڕ، بەڵام کێشەکە لەو سەربڕینە نایاساییانەیە کە لە دەرەوەی کوشتارگەکان دەکرێن و کۆنترۆڵکردنیان ئەستەمە."
مەترسییەکانی تای خوێنبەربوون وایکردووە لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی ڤێتێرنەریی کوردستان، کۆنفرانسێکی تایبەت بۆ دەستنیشانکردنی ئاڵنگارییەکان و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە ساز بکات.
لە کۆنفرانسەکەدا خرایەڕوو کە هەرێمی کوردستان خاوەنی هیچ کوشتارگەیەکی تەواو ستاندارد یان مەیدانێکی ئاژەڵانی هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو نییە کە هەموو مەرجە تەندروستییەکانی تێدا رەچاو کرابێت.
دکتۆر شێرزاد عوسمان، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی ڤێتێرنەریی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند: "یەکێک لە کێشە گەورەکانمان کەمیی میلاک و کەمیی پزیشکی ڤێتێرنەرییە بەتایبەت لە کەرتی گشتیدا. بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەک وەک تای خوێنبەربوون، پێویستمان بە تیم و بودجەی زیاتر و هەماهەنگیی هەموو لایەنەکانە."
بەپێی دوایین ئامارەکان، ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان دوو تووشبووی تای خوێبەربوون بە فەرمی پشتڕاستکراونەتەوە؛ یەکێکیان لە پارێزگای هەولێر و ئەوی دیکەیان لە پارێزگای دهۆک بووە، ئەوەی دهۆک گیانی لەدەستدا. هاوکات، لەسەر ئاستی عێراقیش نزیکەی 60 کەس تووشی نەخۆشییەکە بوون و 8 لەو تووشبووانە گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ