وەزارەتی کشتوکاڵ نرخی بنەتۆوی پاڵپشتیکراوی بڵاوکردەوە

11-05-2025
پەیمان محەممەد
 کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری کشتوکاڵ دەڵێت، ئەم ساڵ تۆنێک بنەتۆوی باوەڕپێکراو بە نرخی پاڵپشتیکراوی 450 هەزار دینار و تۆنێک بنەتۆوی تۆمارکراویش بە 490 هەزار دینار دەفرۆشرێتەوە بە جووتیاران. گوتیشی، ''بنەتۆوەکە بەرهەمی خۆمانە و بەرگەی گۆڕانی کەشوهەوا دەگرێت.''
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11-05-2025، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی پلانی وەزارەت بۆ دیاریکردنی رێژەی وەرگرتنی بەرهەمی بنەتۆوی گەنم، نرخی کڕینەوە و فرۆشتنەوەی بە جووتیاران رایگەیاند، ''کاری جدی کراوە لەسەر بەرهەمهێنانی جۆری ئەو بنەتۆوانە و بەرگەی گۆڕانی کەشوهەوا دەگرن.''
 
بێگەرد تاڵەبانی گوتی، ''گۆڕانی کەشوهەوا و دەرکەوتنی کاریگەرییەکانی هۆکارن بۆ ئەوەی کە لە کابینەی نۆیەمدا کار لەسەر جۆری ئەو بنەتۆوانە بکەین، بە شێوەیەک کە ئێستا بەرگەی گۆڕانی کەشوهەوا دەگرن.''
 
ساڵانە هەر جووتیارێک بەگوێرەی پانتایی زەوییەکەی بنەتۆوی پێدەدرێت. بەگوتەی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ''ئەم ساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت، بنەتۆوی گەنمی جووتیاران لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بە نرخێکی پاڵپشتی وەردەگرینەوە کە دەبێتە یارمەتیدەرێکی زۆر باش بۆ [کڕینەوە و فرۆشتنەوەی] بنەتۆوی گەنمی جووتیاران.''
 
وەزارەتی کشتوکاڵ بنەتۆو بە دوو پلەی باوەڕپێکراو و تۆمارکراو بە نرخی پاڵپشتیکراو لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێتەوە. بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد، ''بۆ وەرگرتنەوەی هەر تۆنێک بنەتۆوی گەنمی باوەڕپێکراو لە جووتیاران، 860 هەزار دینار و بۆ هەر تۆنێک بنەتۆوی گەنمی تۆمارکراویش 885 هەزار دینار دیاریکراوە.'' 
 
وەزیری کشتوکاڵ سەبارەت بە فرۆشتنەوەی دووبارەی بنەتۆوی ئامادەکراو بە جووتیاران دەڵێت، ''لەنێوان 1 بۆ 15ـی تشرینی یەکەم، بنەتۆوی ئامادەکراو لەلایەن حکومەت و وەزارەتەوە دەبەخشرێتەوە بە جووتیاران.''
 
پار بنەتۆوی تۆمارکراو تۆنی 640 هەزار دینار و بنەتۆوی باوەڕپێکراو تۆنی بە 600 هەزار دینار دراوەتە جووتیاران.
 
بەگوتەی بێگەرد تاڵەبانی، ئەم ساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو، هەر تۆنێکی بنەتۆوی باوەڕپێکراو بە 450 هەزار دینار و بنەتۆوی تۆمارکراو تۆنی بە 490 هەزار دینار دەفرۆشرێتەوە بە جووتیاران.''
 
وەزیری کشتوکاڵ جەختی لەوە کردەوە، ''بە رەچاوکردنی دۆخی وشکەساڵی، کەمیی باران و دۆخی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کە بەشێک لە جووتیارانمان تێیدا زەرەرمەند بوون، بڕیارمان دا کە نرخی پاڵپشتییەکانمان بۆ بنەتۆو بەرز بکەینەوە بۆ نزیکەی 60٪.''
 
''پەرە بە بەرهەمهێنانی بنەتۆو دەدەین''
 
لە هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاتر لە 120 هەزار تۆن گەنمی بنەتۆو دەچێندرێت. بێگەرد تاڵەبانی باسی لەوە کرد، ''وەزارەتی کشتوکاڵ پلانی پەرەپێدانی رێژەی بەرهەمهێنانی بنەتۆوی داناوە، بە شێوەیەک کە وەڵامدەری بازاڕی خۆمان بێت و پێویست نەکات هیچ کۆمپانیایەک هاوردەی بنەتۆو بکات.''
 
بەگوتەی وەزیری کشتوکاڵ ''ئەگەر ئەم پلانەی بۆ بەرهەمهێنانی بنەتۆو دامانناوە بەردەوام بێت، ساڵانە رێژەی بەرهەمهێنانی بنەتۆومان دەگاتە ئاستێک کە ئومێد دەکەم بتوانین ببینە فرۆشیاریشی بە بە وڵاتان''.
 
بێگەرد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بنەتۆوەی بەرهەمهێنراوە، بەرگەی کەشوهەوای هەرێمی کوردستان دەگرێت و ''لەنێو خاکی خۆماندا بەرهەمهێنراوە، بۆیە پێویستە جووتیاران ئەو متمانەیە بە وەزارەتی کشتوکاڵ بکەن کە ئەم ساڵ باشترین جۆر و کوالێتیی بنەتۆو دەکەوێتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.''
 
دوای پێگەیشتنی گەنم، لیژنەی بنەتۆو لە وەزارەتی کشتوکاڵ بەدواداچوون بۆ ئەو زەوییانە دەکات کە بە گەنمی بنەتۆوی پاڵپشتیکراو چێندراون، ئامانجیشی زانینی بڕشتی بنەتۆوەکەیە بۆ ئەوەی پەرەی زیاتری پێبدەن.
 
لە پێنج ملیۆن دۆنم زەویی دێمی لە هەرێمی کوردستان، ساڵانە نزیکەی سێ ملیۆن دۆنم بە گەنم و جۆ دەچێندرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.