رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری سەربازیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئێستا کورد لە سوپا و هەواڵگری و وەزارەتی ناوخۆی عێراق پۆستەکانی لێ وەرگیراوەتەوە و پێشتر 20٪ی سوپای عێراقی پێکدەهێنا، ئێستا رێژەکەی ناگاتە 2٪.
'هەڵوەراندنی کورد لە سوپای عێراق'
بابەکر زێباری لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "کورد و سوننە لە سوپا و دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق هەڵوەرێندراون، پێشتر کورد 20٪ و سوننە 25٪ی سوپای عێراقیان پێکدەهێنا بەڵام ئێستا رێژەی کورد کەمترە لە 2٪ی سوپاکە."
گوتیشی: "پێشتر کورد پۆستەکانی سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق و ئەمینداری ئاسایشی گشتی و بریکاری هەواڵگری و بریکاری وەزیری ناوخۆ و یاریدەدەری ئەرکانی سوپای هەبوو، ئێستا هیچ یەکێک لەو پۆستانەی بەدەستەوە نەماوە و پێم سەیرە بەرپرسانی کورد گوشار ناکەن و داوای ئەو پۆستانە ناکەنەوە."
بە گوتەی زێباری کە خۆی پێشتر سوپاسالاری عێراق بووە، پشتیوانییەکانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە سنووردار و کەمن و هەندێکجار حکومەتی عێراق رێگری دەکات لەوەی پشتیوانی زیاتری پێشمەرگە بکەن.
گوتیشی: هاوپەیمانان ویستیان درۆن بدەنە پێشمەرگە بەڵام حکومەتی عێراق رێگەی نەدا.
'چاکسازییەکانی پێشمەرگە'
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ راوێژکاری سەربازیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باسی لە چاکسازییەکانی پێشمەرگە کرد و گوتی: لە رێگەی دابەشکردنی پێشمەرگە بەسەر 11 فیرقەی سەربازی ئەو هێزە بە تەواوی دەبێتە هێزێکی نیزامی و هیچ بندیوارێکی تێدا نامێنێت، ئێستا 2 فیرقەیان دروستکراون و 2 فیرقەشیان لە قۆناخی پێکهێنانن و پلانەکە وایە تاکو 3 ساڵی دیکە هەموویان پێکبهێنرێن و چاکسازییەکانی پێشمەرگە تەواو بکرێن.
گوتیشی: ئاستەنگی سەرەکی بەردەم پێکهێنانی ئەو فیرقانە ئەوەیە کە پێشمەرگە لە سەنگەرەکانە بۆیە ناتوانرێت بگەڕێندرێنەوە و بخرێنە مەشقەوە و بە خێرایی فیرقەکان دروستبکرێن.
"ئێستا دوو فیرقە پێکهێنراون، فیرقەی سێیەم لە قۆناخی پێکهێنانە لە دهۆک و دوای ئەویش فیرقەی سلێمانی پێکدەهێنرێت،" ئەمە بەشێک بوو لە گوتەکانی بابەکر زێباری.
گوتیشی: پێکهێنانی ئەم فیرقانە بۆ هێزی پێشمەرگە رێکخستنێکی تەواو نوێیە و پێویستی بە ئەفسەری تایبەتمەند هەیە، هاوکات هەموو هێزەکان بەشێوەیەکی نیزامی رێکدەخرێن و هیچ بندیوار و پاسەوانێک نامێنێت لە ریزەکانی پێشمەرگەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ