ئەندامێکی لیژنەی باڵای سەرژمێری لە عێراق: تێكڕای ژمارەی ئەندامانی خێزان لە هەرێمی کوردستان 5.5 کەسە

11-07-2023
سۆران حوسێن
دیمەنێکی گشتیی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دیمەنێکی گشتیی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی باڵای سەرژمێری لە عێراق دەڵێت، گەشەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ئاساییە و 2.2ـە. گوتیشی، قەبارەی تێكڕای خێزان کەمترین لە شاری سلێمانییە کە 4 چوار کەسن، لە هەولێر 5 کەس و لە دهۆک شەش کەسن. دەشڵێت ئەوەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکات 75%ـی پیاو و 15%ـی ژنن.
 
رۆژی سێشەممە، 11ـی تەممووزی 2023، مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی ئاماری سلێمانی و ئەندامی لیژنەی باڵای سەرژمێری لە عێراق، میوانی بوڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و گوتی، "رێژەی گەشەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان زۆر ئاساییە و 2.2 بۆ 2.3 یە؛ عێراقیش دابەزیوە بۆ 2.5؛ ساڵانی پێشتر عێراق رێژەی گەشەی دانیشتووانی زیاتر بوو و نزیکەی  4.3 بوو".
 
مەحموود عوسمان هۆکاری کەمبوونەوەی گەشەی رێژەی دانیشتووانی گێڕایەوە بۆ گۆڕانکارییەکانی ژیان و "قورس" بوونی بەخێوکردنی منداڵ و دۆخەکەشی بە "ئەرێنی" پێناسە کرد.
 
مەحموود عوسمان گوتی، 35%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان تەمەنیان 15 ساڵ بۆ خوارترە؛ لە 15 ساڵی بۆ 64 ساڵی کە دەستی کارن 60%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن و 65 ساڵ بەرەو زیاتر 5%ـی دانیشتووانن کە ژمارەیان 282 هەزار کەسە.
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی باڵای سەرژمێری لە عێراق ئاماژەی بەوەکرد، ساڵی 1970 تێكڕای تەمەنی ناوەندی لە عێراق 70 ساڵ بووە؛ گوتیشی، "ئێستا تێکڕای تەمەندی ناوەندی لە هەرێمی کوردستان 75 ساڵە و زۆر زۆر باشە".
 
مەحموود عوسمان گوتی، بەگوێرەی نوێترین ئامارەکانی بەردەستیان، قەبارەی خێزان ئێستا کەمترین لە شاری سلێمانییە کە هەر خێزانێک چوار کەسن، لە سنووری پارێزگای سلێمانی قەبارەی خێزان 4.5 کەسە؛ لە پارێزگای هەولێر 5 کەسە و لە دهۆکیش تێكڕای خێزان شەش کەسن؛ هەروەها تێكڕای قەبارەی خێزان لە هەرێمی کوردستان 5.5 کەسە.
 
ئەندامەکەی لیژنەی باڵای سەرژمێریی عێراق باسی لەوەشکرد کە 46%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە هێزی کاردان و 75% یان نێر و 15%یان مێن؛ "لەکاتێکدا مێینە خوێندەوارترن لە نێر".
 
بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، بەگوێرەی دوایین ئاماریان، ژمارەی دانیشتووانی عێراق گەیشتووەتە 44 ملیۆن و 249 هەزار و 883 کەس؛ هەرێمی کوردستان 14%ی ئەو رێژەیە پێکدەهێنێت.
 
ئەمڕۆ رۆژی گەشەی دانیشتووانە لە جیهاندا؛ ساڵی 1987 نەتەوە یەکگرتووەکان لە رێوڕەسمێکدا رایگەیاند، ژمارەی دانیشتووان لە جیهاندا بووەتە 5 ملیار کەس، دوو ساڵ دواتر بڕیاریدا 11ـی تەممووز بکرێتە رۆژی جیهانیی دانیشتووان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە