رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی، 11-07-2025، سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەڵاحەددین، پێشوازی لە شاندێکی باڵای دەم پارتی کرد کە پەیامێکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستانیان پێبوو و داوایان لێکرد سەردانی ئۆجەلان بکات. سەرۆک بارزانیش رایگەیاند، "لە هەلومەرجێکی گونجاودا" سەردانەکە دەکات.
بەپێی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی، شاندەکەی دەم پارتی پێکهاتبوون لە ئەحمەد تورک، لەیلا زانا، سری ساکێک، تونجەر باکرهان (هاوسەرۆکی دەم پارتی)، چیدەم قلێچگون ئوچار (هاوسەرۆکی هەرێمەکانی دیموکرات- دەبەپە)، مەڕال دانشبەشتاش (پارلەمانتاری دەم پارتی) و بەردان ئوزتورک (بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی).
لە دیدارەکەدا، شاندی میوان ستایشی "ڕۆڵی بەهێز و نەتەوەیی و ستراتیژیی" سەرۆک بارزانیان کردووە لە پشتیوانیکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و داوایان کردووە لە قۆناغەکانی داهاتووشدا بەردەوام بێت لەو ڕۆڵە مێژووییەی.
هاوکات لەگەڵ گەیاندنی پەیام و داواکارییەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، شاندەکە بە فەرمی داوایان لە سەرۆک بارزانی کردووە سەردانی ئیمراڵی بکات و لەگەڵ ئۆجەلان کۆببێتەوە.
لەلایەن خۆیەوە، سەرۆک بارزانی جەختی لەسەر گرنگیی هەنگاوەکانی پڕۆسەی ئاشتی کردەوە و بە "هەنگاوی گرنگ بە ئاراستەی دروست" وەسفی کردن. هەروەها دووپاتیکردەوە کە "10 ساڵ گفتوگۆ باشترە لە یەک کاژێر شەڕ" و رایگەیاند، کێشەکان بە شەڕ و تووندوتیژی چارەسەر ناکرێن، بەڵکو پێویستە پشت بە دیالۆگ و خەباتی سیاسی ببەسترێت.
سەبارەت بە داواکاریی سەردانیکردنی ئۆجەلان، سەرۆک بارزانی رایگەیاند: "لە هەلومەرجێکی گونجاودا سەردانەکە ئەنجام دەدرێت" و بەڵێنی دا ئەوەی لە توانایدا بێت، بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی درێخی نەکات.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک بارزانی داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد پاڵپشتیی پڕۆسەی چارەسەریی ئاشتییانە لە تورکیا بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ