هاوژینی سەرۆککۆماری پێشووی عێراق کۆچی دواییکرد

11-08-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ هەینی، هاوژینی سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق لە شاری بەغدا کۆچی دواییکرد و بڕیارە سبەی تەرمەکەی بهێنرێتەوە بۆ هەولێر و لە قەزای کۆیە بەخاک بسپێردرێت.
 
ئەمڕۆ هەینی، 11-8-2023، رووناک عەبدولواحید، هاوژینی د. فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق لە شاری بەغدا و لە تەمەنی 81 ساڵیدا کۆچی دواییکرد. رووناک عەبدولواحید لە ساڵی 1942 لە شاری دیوانییەی باشووری عێراق لەدایکبووە، پەیمانگەی مامۆستایانی لە دیوانییە تەواوکردووە.
 
باوکی یەکێک بووە لە ئەفسەرانی سەردەمی پادشایەتی و لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و رۆشنبیر لەدایکبووە. ساڵی 1968 لەگەڵ فوئاد مەعسووم ژیانی هاوژینی پێکهێناوە، ئەو کات د. فوئاد نوێنەری مەلا مستەفا بارزانی بوو لە قاهیرەی پایتەختی میسر.
 
رووناک عەبدولواحید دایکی پێنج کچە بە ناوەکانی شیرین، جوان، زۆزان، ڤیان و شیلان، هەروەها کوڕێکیشی هەبووە، کە لە تەمەنی 15 ساڵیدا کۆچی دواییکردووە.
 
لە ساڵی 2014 تاوەکو 2018، ئەو کاتەی د. فوئاد مەعسووم سەرۆککۆماری عێراق بوو، ناسناوی خانمی یەکەمی عێراقی وەرگرت. لە ساڵی 2015 تاوەکو ساڵی 2017 سەرۆکی رێکخراوی ژنانی عەرەب بووە.
 
بافڵ تالەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پرسەنامەیەکی ئاراستەی د. فوئاد مەعسوم، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق کرد و گوتی، "بۆ کۆچی دوایی خاتوو (رووناک عەبدولواحید)ـی هاوسەرتان و خانمی یەکەمی پێشووتری عیراق، پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆمانتان پێڕادەگەیێنین و بەشداریی خەم و ماتەمی ئێوە و کەسوکار و خانەوادە سەربەرز و تێکۆشەرەکەتانین کە لە شۆڕشی نوێی گەلەکەمان جێ دەست و رۆڵتان دیار و بەرچاوبووە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەک لە بەرنامەی پاشیڤی رووداو

پاشیڤی رووداو؛ "کۆمێنت بنووسە و خەڵات ببەرەوە"

بە ئامادەبوونی ژمارەیەک میوانی تایبەت، ئەڵقەیەکی دیکەی بەرنامەی (پاشیڤی رووداو) پێشکێشکرا و دیارییەکی دیکە بەخشرایە یەکێک لەو کەسانەی زۆرترین کۆمێنتی بۆ پۆستەکانی رووداو کردبوو.