رووداو دیجیتاڵ
خاوەن نووسینگەیەکی خانووبەرە دەڵێت، ئێستا لە سلێمانی کێشەی زۆری خواست و کەمیی موڵکی کرێ هەیە.
ئەردەڵان عوسمان، شارەزا و خاوەن نووسینگەی خانووبەرە دەڵێت، خواست لەسەر گەڕەکە نوێیەکان زۆر زیادی کردووە، "بۆ نموونە، کازیوە، ئیبراهیم ئەحمەد، هەواری شار، کوردسات و چوارچرا، خواستی زۆریان لەسەرە و خەڵکێکی زۆر داوایان دەکات."
بەپێی قسەکانی ئەم شارەزایەی خانووبەرە، پڕۆژەی رووناکیی بووەتە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر خانووی ناو گەڕەکەکان و دەڵێت، "جاران خەڵک بۆ ئاو و کارەبا دەچوونە پڕۆژەکان، بەڵام ئێستا لە دەرەوەی پڕۆژەکان کارەبای 24 کاژێری هەبێت پێویست ناکات بچنە پڕۆژەوە."
ئەردەڵان عوسمان جەختی لەوە کردەوە کە "هەمیشە گەڕەکەکان خواستی خۆی لەسەر بووە بە حوکمی ئەوەی میللەتی ئێمە کۆمەڵایەتییە، بەڵام بە تایبەتی لەم قۆناخەی ئێستا کە پڕۆژەی رووناکی هەیە، خواستێکی زیادەی بۆ گەڕەکەکان دروستکردووە."
قسەکانی ئەردەڵان عوسمان لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 9:00ـی ئەمڕۆ پێنجشەممەی تۆڕی میدیایی رووداو، کە محەممەد شێخ فاتیح پێشكێشی کرد.
ئەردەڵان عوسمان باسی لەوەشکرد کە دۆخی سیاسی و ئابووری کاریگەریی نەرێنییان لەسەر بازاڕی پڕۆژەکان داناوە و "لە سێ مانگی رابردوو بازاڕی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون [سیتییەکان] 30٪ دابەزیوە، بەڵام گەڕەکەکان هەر لە ئاستێکی زۆرباشدان و دەتوانین بڵێین بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە."
ئەو خاوەن نووسینگەیە باسی لە کاریگەریی دواکەوتنی مووچە لەسەر کڕین و فرۆشتنی پڕۆژەکان کرد و گوتی، "زۆربەی پڕۆژەکان پەیوەستن بە کڕین لە لایەن مووچەخۆرەوە، بۆیە دۆخی مووچە نیگەرانی و دڵەڕاوکێی لای هاونیشتمانییان دروستکردووە. ئەمەش وای کردووە کە نرخی پڕۆژەکان لە دەستی یەکەمی دابەزێت."
بەڵام ئاماژەی بەوەشدا کە "هەندێک پڕۆژەی تەواوبوومان هەیە کە دەستی دوویان کار دەکات و کڕیاریشیان هەیە. لە سلێمانی 132 پڕۆژە هەیە، لەو ژمارەیە 57 پڕۆژەیان تەواوبوون و هاونیشتمانییان ئێستا ژیانیان تێدا بەسەر دەبەن و کڕین و فرۆشتن بەردەوامە."
گوتیشی، نرخی کڕین و فرۆشتنی ئەو یەکانەی نێو پڕۆژەکان بەپێی تەمەنی پڕۆژەکان و شوێنێ جوگرافییان دەگۆڕێت.
ئەو خاوەن نووسینگەیە گوتیشی کە "جاران لە باکووری سلێمانی نرخ گرانتر بووە لە باشووری، ئێستاش هەر وایە. ئێستاش هەموو پڕۆژە و شوێنەکان خواستی خۆیان لەسەرە، بەڵام هەندێک شوێن هەیە تایبەتە و نرخەکانیان بەرزن، بۆ نموونە باکوور و رۆژهەڵاتی سلێمانی بە حوکمی ئەوەی کۆمەڵێک پڕۆژە هاتوونەتە خوارووی سلێمانییەوە، بۆیە لە گەڕەکی چوارچرا نرخ بەرز بووەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ