ژمارەیەک کرێکار لە کارگەیەکی سنووری سلێمانی دەردەکرێن

11-09-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

12 کرێکار بەهۆی ئەوەی یاداشتێکی داواکارییان پێشکێشی سەندیکا و بەڕێوەبەرایەتی کاری سلێمانی کردووە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کارگەی ئاوی سلێمانی لە بازیان دەرکراون، یەکێک لەو کرێکارانە دەڵێت، ئێمە تەنیا داوای مافێکی یاسایی خۆمان کردووە، بەڵام لەلایەن بەڕێوەبەرانی کارگەکەوە دەرکراوین.
 
محەممەد رەئوف، کارێکارێکە لە کارگەی ئاوی سلێمانی لە بازیان، بە رادیۆی رووداوی گوت، ئێمە ژمارەیەک کرێکاربووین لە کارگەی ئاوی سلێمانی لە بازیان لەماوەی رابردوو کۆمەڵێک داواکاریمان هەبوو کە خۆی دەبینییەوە لە داواکاری مۆڵەتی ساڵانە، مۆڵەتی نەخۆشی، دەستەبەری کۆمەڵایەتی، هاتووچۆکردنمان.
 
سێ کەس بە نوێنەرایەتی نزیکەی 70 کرێکاری ئەو کارگەیە چوونەتە سەندیکاری کرێکاران و بەڕێوەبەرایەتیی کاری سلێمانی، یاداشتەکەیان پێشکێش کردوون، بەڵام دواتر ئەو سێ کەسە، بە گوتەی محەممەد رەئوف، "دەرکراون."
 
ئەو کرێکارە دەڵێت، بەرامبەر دەرکردنی ئەو سێ کەسە، 38 کارمەندی دیکە هەڵوێستیان وەگرتوو و مانیان گرت، بەڵام لەلایەن ئیدارەی کارگەکەوە ئەوانیش دەرکران و دواتر سکاڵایان لە لای وەزیر تۆمارکرد و بەهەوڵی سەندیکا و هەموو لایەک بەشێکیان گەڕانەوە، بەڵام هێشتا نزیکەی 12 کەس نەگەڕانەتەوە کارەکانیان و دەرکراون.
 
هەرچەندە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاگاداری کێشەکەیانە و داوای کردووە چارەسەر بکرێت، وەکو محەممەد رەئوف باسی کردووە، "تاوەکو ئێستا ئەوان نان بڕاو کراون و سکاڵاشیان لە دادگەی کار تۆمارکردووە."
 
چالاک رەئوف، سەرۆکی لقی سلێمانیی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان بە رادیۆی رووداوی گوت، لەسەر کێشەی ئەو کرێکارانە، ئاگاداری گرفتەکەین و وەکو سەندیکا داکۆکی لە مافی ئەو کرێکارانە دەکەین.
 
سەرۆکی لقی سلێمانیی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان گوتیشی، "ئەگەر گرفتێکیان بۆ دروست بکرێت وەکو سەندیکا هەموو پشتیوانییەکیان دەکەین و لە رێگەی پارێزەرەکانمانەوە بەدواداچوون بۆ کەیسەکەیان دەکەین کە ئەوان خۆیان سکاڵایان تۆمار کردووە و ئێمەش چاودێریی دەکەین."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە