رووداو دیجیتاڵ
لەسەر رێگەی هەولێر-بنەسڵاوە ئاگر لە کارگەیەک کەوتەوە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، ئاگرەکە زیانی گیانی نەبووە و کۆنترۆڵ کراوە.
رووداوەکە کاژێر 15:00ـی ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-09-2025، لەسەر رێگەی بنەسڵاوەی کۆن لە هەولێر روویداوە و بەوهۆیەوە، کارگەیەکی سفتکردن (کەپس) کارتۆن بە تەواوی سووتا.
دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''ئاگرەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و ئێستا لە قۆناخی ساردکردنەوەداین.''
بەگوتەی موقەدەم شاخەوان سەعید، 12 تیمی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدا بەشدار بوون.
تاوەکو ئێستا قەبارەی زیانەکان و هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نازانرێت. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی دا، ''کارگەکە هیچ مەرجێکی سەلامەتی بۆ کارکردن تێدا نەبووە، بۆیە ئاگرەکە تەشەنەی سەندووەتە کارگەکانی دەرووبەریش، بەڵام کۆنترۆڵ کرا.''
خاوەنی یەکێک لە کارگەکان بە لیلیا میراوتسا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئاگرەکە بەهۆی ''لەحمیکردن''ـەوە کەوتووەتەوە و پێشبینی دەکات زیاتر لە 60 هەزار دۆلار زیانی هەبووبێت.
لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە و قەبارەی زیانەکان بەردەوامە.
بەگوێرەی ئامارێکی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئەم ساڵ تاوەکو 6ـی تەممووز، 650 ئاگرکەوتنەوە روویانداوە کە بەراورد بە ساڵانی رابردوو ژمارەیان نزیکەی 50٪ کەمیکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ