رووداو دیجیتاڵ
هەورازە نەفتە، ئەو بەشەی شەقامی هەولێر - گۆمەسپان کە دەبوو دەست لەسەر دڵ و دەم بە دوعا پێیدا تێپەڕببیت، بەم نزیکانە نامێنێت و دەبێتە دوو ساید. شۆفێران دەتوانن بە خێرایی تاوەکو 100 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا پێیدا تێپەڕببن.
بە 2000 کارمەند و کرێکار و 600 ئامێری جۆراوجۆر، شەو و رۆژ خراوەتە سەر یەک تاوەکو پڕۆژەی دوو سایدی هەولێر - گۆمەسپان تەواو بکرێت پڕۆژەیەک کە 16ـی 6ـی ئەم ساڵ دەستیپێکردووە و هێندە کارکردن تێیدا خێرایە، 30٪ـی تەواوکراوە.
ئەندازیار ئەمیر عەبدولخالق، بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی رێگەوبان لە هێمن گرووپ بە رووداوی گوت، رێگەیەکی دوو ساید دەبێت، هەر سایدێکیشی پانیی قیرەکەی 10.75 سانتیمەترە و سێ رێڕەوی رۆیشتنی ئۆتۆمبێلی دەبێت. هەروەها قیرەکەی بە سێ چین دەکرێت.
ئەو دوو سایدە جیاوازە لە پڕۆژەی دوو سایدی کۆیە، پڕۆژەکە بە درێژایی 16 کیلۆمەترە و کۆمپانیای جێبەجێکار هێمن گرووپە.
لە دوو سایدەکە شەش پرد و یەک بن پردی تێدایە، 50 ئاوبەری سندووقی بە درێژی و قەبارەی جیاوازی تێدایە. جگە لەوانە پڕۆژەکە سیستمی ئاوەڕۆ، دیواری پاڵپشت، پەرژینی خۆپاراستن و هێماکانی هاتووچۆ لەخۆدەگرێت.
لە داهاتوو دوو سایدەکە دەبێتە رێگەی سەرەکی بۆ ئەو کەسانەی کە هاتووچۆی نێوان هەولێر - رانیە و هەولێر - سلێمانی دەکەن.
قسەمان لەگەڵ چەند هاونیشتمانییەک کرد، ئەوان دەڵێن: رێگەکە ترسناکە و کاتێک پێیدا دەڕۆیت بەتەمای رووحی خۆت نیت، دەکرێت لە هەر چرکەیەکدا تووشی رووداوی هاتووچۆ ببیت، بۆیە تاوەکو زوو تەواو بکرێت، باشە.
دوا وادە بۆ تەواوکردنی ئەو رێگە دوو سایدە تاوەکو پێش کۆتایی ساڵی 2026ـە، پڕۆژەکە هاوتەریب لەگەڵ پڕۆژەى دووسایدی گۆمەسپان - سماقووڵی کارى تێدا دەکرێت و بە تەواوبوونی، رێگەی هەولێر تاوەکو رێگەی سماقووڵی بە درێژیی 38 کیلۆمەتر دەبێتە دوو ساید.
هەروەها بە پڕۆژەیەکی جیاوازیش کار لەسەر دووسایدکردنی شەقامی هەولێر - کۆیە دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ