نووسینگەی کەرکووکی کۆمیسیۆن: هەر درووشمێک دژی پێکەوەژیان بێت، سەرپێچییە

11-10-2025
زانیار بەهادین
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، سێ بەربژێر دوورخراونەتەوە کە هەرسێکیان لە نەتەوەی عەرەب بوون. دەشڵێت، "هەر درووشم و دەستەواژەیەک دژی پێکەوەژیان بێت، سەرپێچییە."
 
عەلی عەباس، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد، رایگەیاند، لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن چەندین سەرپێچی تۆمار کراون، لەگەڵ ئەوەشدا تەنیا پێش دەستپێکردنی بانگەشە "10 پێشێلکاریمان تۆمار کردووە کە زۆربەیان بانگەشەی پێشوەختەیان کردووە، رەوانەی بەغدامان کردووە و چاوەڕوانین سزاکان دەربچن."
 
کەرکووک شارێکی فرە پێکهاتەیە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان هەموو ئەو بانگەشانە بە سەرپێچی تۆمار دەکات کە دژی پێکەوەژیان و بیروڕای جیاوازی ئاینین، وەکو عەلی عەباس گوتی، "ئەوانە بە تاوانی هەڵبژاردن دادەنرێن."
 
کەرکووک 13 کورسیی لە پەرلەمانى عێراق هەیە، یەکێکیان کۆتاى کریستیانە. بە گوتەی بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، تاوەکو ئێستا سێ بەربژێر لە کەرکووک دوورخراونەتەوە، کە هەرسێکیان لە پێکهاتەی عەرەبی شارەکە بوون.
 
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان دەکەن، عەلی عەباس باسی لەوە کرد، تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ سکاڵایەکیان لەسەر ئەو پرسە پێنەگەیشتووە و تەنیا وەک دەنگۆ بیستوویانە.
 
بەپێی داتاکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تاوەکو 7ی تشرینی یەکەمی 2025، رێژەی 32%ی کارتی نوێی بایۆمەتریی دەنگدان دابەشکراوە. بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان گوتی، "تاوەکو ئێستا بە نووسراو ئاگادار نەکراوینەتەوە، بەڵام ئەگەر هەیە رۆژی دەنگدانیش کارت بدرێتەوە."
 
بڕیارە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. کۆمیسیۆن ناوی 7768 بەربژێری پەسند کردووە، کە بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسیی پەرلەمانی عێراق رکابەری دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە