رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایدەگەیێنێت، لە چوارچێوەی یاسای رزگاربوواندا 262 ژنی رزگاربووی ئێزدیی دەستی داعش لە نەینەوا زەوییان پێدەدرێت.
حەسەن خەوام، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری رزگاربووانی ئێزدی، کە سەر بە وەزارەتەکەمانە، داوایەکی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کردبوو بۆ ئەوەی بەپێی یاسای ژمارە 8ـی ساڵی 2021ـی تایبەت بە ژنانی رزگاربووی ئێزدی، زەوییان پێبدرێت".
رۆژی 01-03-2021، پەرلەمانی عێراق یاسای ژمارە 8ی ژنانی رزگاربووی دەستی داعشی پەسندكرد. بە گوێرەی یاساکە، سەرجەم رزگاربووانی دەستی داعش زەوییان دەدرێتێ.
حەسەن خەوام، گوتی: "وەک قۆناخی یەکەم، 262 ژنی رزگاربووی ئێزدی زەوییان پێدەدرێت و بڕیارە 2000 رزگاربووی دیکەش لە داهاتوودا زەوی وەربگرن."
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق راشیگەیاند "پارچە زەوییەک بۆ دروستکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکی تایبەت بە کاروباری ژنانی ئێزدی لە شاری موسڵ تەرخان دەکرێت، کە یەکەی تایبەت بە پێشکێشکردنی پاڵپشتیی دەروونی، راهێنان و کاروباری دیکەی تایبەت بە ژنانی ئێزدی لەخۆدەگرێت، بە ئامانجی تێکەڵکردنەوەیان بە کۆمەڵگە."
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، بڕیاریداوە بە تەرخانکردن و خاوەندارێتیدانی پارچە زەوییەک بە رووبەری 2481 مەتر دووجا و بەبێ بەرامبەر لە باشووری نەینەوا، بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری رزگاربووانی دەستی داعش.
لە هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال لە 3ـی ئابی 2014، داعش کوردی ئێزدیی کۆمەڵکوژکرد و 6 هەزار و 417 کەسیشی رفاند. تاوەکو ئێستا سێ زیاتر لە هەزار و 580 کوردی ئێزدی رزگارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ