رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندێکی سنووری ناحیەی بجیل لە قەزای ئاکرێ، کچێکی تەمەن 14 ساڵان "بە هەڵە" بە فیشەک کوژرا و تۆمەتبارەکەش لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئاکرێ رایگەیاند: "کاژێر 5:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ، پۆلیس لە رووداوێکی کوشتن لە گوندی نێروەی سەر بە ناحیەی بجیل ئاگادارکرایەوە. دەستبەجێ مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی بجیل، تیمی بەڵگەکانی تاوان، پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و چالاکییە مەدەنییەکان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە."
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس، ئەو کچەی کوژراوە ناوی (ک. ز. ش) و تەمەنی 14 ساڵە. رووداوەکە لەبەردەم دەرگەی ماڵی کچەکە بووە و بە هەڵە لەلایەن کەسێکەوە بەناوی (هـ. م. ح) تەمەن 32 ساڵ، کە دانیشتووی هەمان گوندە، تەقەی لێکراوە و گیانی لەدەستداوە.
پۆلیسی ئاکرێ ئاماژەی بەوەش کردووە کە تەرمی کچەکە رەوانەی پزیشکی دادوەریی دهۆک کراوە. تۆمەتبارەکەش دەستگیرکراوە و دەست بەسەر چەکەکەیدا گیراوە کە لە جۆری کڵاشینکۆفە. ئێستا بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاکرێ و بەپێی ماددەی 411 لە یاسای سزادان، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ