رووداو دیجیتاڵ
بە کشانەوەی محەممەد شیاع سوودانی لە کێبڕکێی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران، رێگە بۆ نووری مالیکی خۆشبوو تاوەکو بۆ جاری سێیەم هەوڵ بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە بدات.
هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، بە فەرمی کشانەوەی محەممەد شیاع سوودانی لە کێبڕکێی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی حکومەتی عێراق راگەیاند؛ ئاماژەیان بەوەش کردووە کە ئەوان پشتیوانی لە هەر بڕیارێک دەکەن کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بیگرێتەبەر.
حوسێن عەنکوشی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان دەڵێت: "هەر کەسێک لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە بەربژێر بکرێت، ئێمە بە تەواوەتی پشتیوانی دەکەین. ئێمە بەشێکین لەو هاوپەیمانییەی کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دروستی کردووە، بۆیە پابەندی هەر بڕیارێکی ئەوانین بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو."
سەدرییەکان و گەڕانەوەی مالکی
سەرەڕای ئەوەی سەدرییەکان لە پەرلەمان کشاونەتەوە، بەڵام سێبەری رەوتی سەدر هێشتا بەسەر بڕیارە سیاسییەکانەوە ماوە. سەدرییەکان کە نەیاری سەرسەختی نووری مالکین، دژایەتیی خۆیان بۆ بەربژێرکردنەوەی ناوبراو نیشانداوە. لە بەرامبەردا هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا پێداگرە لەسەر ئەوەی مالکی ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران و دەڵێن پاشەکشە لەو بڕیارە ناکەن.
عارف حەمامی، ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند: "بەهۆی کشانەوەی سوودانی، ئێستا تەنیا بەڕێز مالکی وەک بەربژێر ماوەتەوە، ئەمەش بەپێی رێککەوتنی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگییە. رەنگە دیدگای جیاواز هەبێت و ئێمە رێزی لێدەگرین، بەڵام دواجار لە رێگەی گفتوگۆوە کۆدەنگی بۆ راسپاردنی مالکی دروست دەبێت."
گرێکوێرەی سەرۆک کۆمار
یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران بەستراوەتەوە بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، چونکە بەپێی دەستوور دەبێت سەرۆک کۆمار بەربژێری فراکسیۆنی گەورە رابسپێرێت. بەهۆی بەردەوامیی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، تاوەکو ئێستا پەرلەمان کاتی کۆبوونەوەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دیاری نەکردووە، ئەمەش پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی پەکخستووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ