رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی کورد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی شایستە داراییەکانی جووتیاران و ساخکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ، پێنج یاداشت دەداتە سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ داواش دەکات کۆتایی بە رێگرییەکانی بازگەکان بهێنرێت لەبەردەم بەرهەمی کشتوکاڵیی هەرێمی کوردستان.
شەوی سێشەممەی رابردوو، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا عەلی شێخ خاڵس بەرزنجی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی، پێنج یاداشتی سەبارەت بە کەرتی کشتوکاڵ و کێشەی جووتیاران رادەستی سوودانی کردووە.
عەلی شێخ خاڵس بەرزنجی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی ئاداری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە یاداشتەکاندا داوای خەرجکردنی شایستە داراییە کۆنەکانی جووتیارانیان کردووە کە لە ساڵی 2016ـەوە ماوەتەوە، لەگەڵ خەرجکردنی 204 ملیار دیناری شایستەی گەنمی ساڵی 2025.
یەکێک لە داواکارییەکانی ئەو پەرلەمانتارە، هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری قەدەخەی گواستنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بووە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
عەلی شێخ خاڵس بەرزنجی گوتی: "وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق تەنیا قەدەخەی لەسەر چەند بەرهەمێکی دیاریکراو داناوە، بەڵام بازگەکان کردوویانەتە پاساو و رێگە بە هیچ بەرهەمێکی هەرێمی کوردستان نادەن، بۆیە داوامان کردووە ئەو نووسراوە بە تەواوی هەڵبوەشێتەوە."
داواکارییەکانی دیکەی نێو یاداشتەکان، وەک ئەو پەرلەمانتارە دەڵیت، دادپەروەری لە وەرگرتنی گەنم، بە رەچاوکردنی یەکسانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق لە داڕشتنی پلانی وەرگرتنی گەنمی ساڵی 2025. هەروەها دابینکردنی 75 هەزار تۆن پەینی "یۆریا" بۆ سێ ملیۆن دۆنم زەوی چێندراو بە گەنم لە هەرێمی کوردستان، بەو پێیەی ئێستا وەرزی پەینکردنە.
سەبارەت بە وەڵامی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد کە محەممەد شیاع سوودانی "بەڵێنی داوە" کار لەسەر ئەو پێنج یاداشتە بکات و رێکاری پێویست بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بگرێتەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ