وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان: بە هەموو شێوەیەک لە پشتگیریکردنتان بەردەوامدەبین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگرى سه‌رۆكوه‌زيران و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، دوایين پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە و کاریگەری و لێکەوتەکانی شەڕیان بەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و جیهانەوە تاوتوێ کرد.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەنتۆنیۆ تایانی، جێگرى سه‌رۆكوه‌زيران و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا بە تەلەفۆن قسەیان کرد.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە شەوی رابردوو کرایە سەر بنکەی سەربازیی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە، "پێویستە حکومەتی عێراق بەرپرسیاریێتیی خۆی لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان جێبەجێ بکات و رێگە نەدات چیدیکە گرووپە لەیاسادەرچووەکان، ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی وڵات بخەنە مەترسییەوە".
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکە، دووپاتی کردەوە "وڵاتەکەی بە هەموو شێوەیەک لە پشتگیری و هاوکاریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان و رووبەڕووبوونەوەی هێرشە تیرۆریستییەکان، هەروەها برەو بە هاریکاریی هاوبەشیان دەدەن بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری".
 
لە کۆتاییی پەیوەندییەکەدا، نێچیرڤان بارزانی "سوپاس و پێزانینی" هەرێمی کوردستانی بۆ ئیتاڵیا دەربڕی بۆ ئەو پشتگیری و هاوکارییە بەردەوامانەی پێشکەش بە هەرێمی کوردستانی دەکات و رۆڵی هێزەکانی ئەو وڵاتەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا بەرز نرخاند.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە