هێرشی درۆنی کرایە سەر میحوەری شەشی پێشمەرگە و بریندار هەیە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری ناحیەی مەلاقەرە لە سنووری قەزای مەخموور دەڵێ، لە ئەنجامی هێرشێک کە بە درۆن بۆ سەر سنووری میحوەری 6ی هێزەکانی پێشمەرگە کرا، 4 کەس بریندار بوون. درۆنێکی دیکەش لە نزیک ناحیەی دیبەگە کەوتە خوارەوە.
 
ئازاد جەوهەر، بەڕێوەبەری ناحیەی مەلاقەرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "کاژێر 10:30ی ئەمشەو بە دوو درۆن هێرشکرایە سەر میحوەری شەشی پێشمەرگە و لە ئەنجامدا 4 کەس بریندار بوون."
 
هاوکات غازی فەیسەڵ، فەرماندەی هێزی خۆبەخش لە سنووری چیای قەرەچووخ بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "سێ درۆن بەسەر سنووری قەزای مەخموور و چیای قەرەچووخدا تێپەڕین."
 
فەرماندەی هێزی خۆبەخشی سنووری چیای قەرەچووخ ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە درۆنەکان لە نێوان هەردوو گوندی عالا و خۆشاو لە نزیک ناحیەی دیبەگە کەوتە خوارەوە.
 
هێرشەکە لە کاتێکدایە، بەگوێرەی ئامارەکان، لە 28ـی شوباتەوە کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەستی پێکرد، هەرێمی کوردستان بە 277 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە، لە ئەنجامدا 5 کەس گیانیان لەدەستداوە و 24 کەسیش برینداربوون، لەنێویاندا منداڵ هەیە.
 
بۆردوومانەکان تاوەکو ئەمڕۆ بە 233 درۆن و مووشەک هێرش، بۆسەر هەولێر و سنووری تەواوی پارێزگاکە کراون، هاوکات 41 هێرش بۆسەر شاری سلێمانی و سنووری پارێزگاکە کراون، هەروەها لە رۆژانی رابردوودا ‎سێ هێرش بە چوار درۆن کرانە سەر پارێزگای دهۆک، لە هەڵەبجە کەمترین هێرش کراوە و تەنیا 7ـی ئادار بە دوو درۆن چیای شنروێ لە سنووری پارێزگاکە هێرشی کرایەسەر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە