رووداو دیجیتاڵ
لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و بڕیارەکانی پەکەکەوە، سیاستڤانی کورد، محەممەد ئەمین پێنجوێنی دەڵێت، ئاگاداری وردەکارییەکانە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەی پەکەکەدا لە سەرخستنی بڕیارەکاندا رۆڵی هەبووە. دەشڵێت: "ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا وەکو نێوەندگیر لە پرۆسەکەدان".
محەممەد ئەمین پێنجوێنی، لەکاتی بەشداربوونی لە نیوڕۆژی ئەمڕۆ دووشەممەی تۆڕی میدیایی رووداودا، باسی بڕیاری پەکەکەی بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە کرد و گوتی: "ئەو بڕیارە لە ئەنجامی گفتوگۆی نزیکەی ساڵێکدا دراوە".
پێجنوێنی دەڵێت: "ىڕیارەکە لە ئەنجامی گفتوگۆی نێوان دەوڵەتی تورکیا و بەڕێز ئۆجەلان؛ ئۆجەلان و ئەندامانی پەکەکە لە قەندیل دراوە، چونکە گەیشتوون بەو باوەڕەی گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان دۆخێکی وای هێناوەتە پێشەوە، دەبێت پەکەکە و تورکیا گفتوگۆکان پێش بخەن".
ئەو سیاستەڤانە ئاماژەی بەوەکرد، پەکەکە لەسەر داوای تورکیا کۆنگرەی کردووە و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی داوە. گوتیشی: "بەگوێرەی بڕیارەکە لەمەودوا هیچ چالاکییەک بەناوی پەکەکەوە ناکرێت، بەڵکو بەناوی دیکەوە دەکرێت".
محەممەد ئەمین پێنجوێنی باسی رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لە پرۆسەی ئاشتی و کۆنگرەی پەکەکەدا کرد و گوتی: "لەسەرەتای پرۆسەکەوە تاوەکو ئێستا نێچیرڤان بارزانی لەسەر هێڵ بووە و رۆڵی هەبووە؛ بەگوێرەی زانیاری تایبەتی خۆم، لە رۆژانی کۆنگرە و پاش کۆنگرەش لەسەر هێڵ بووە بۆ پشتگیری کۆنگرە و سەرخستنی و ئەو بڕیارە مێژووییانەی ئەمڕۆ دران".
محەممەد ئەمین پێنجوێنی: لە سەرەتای پرۆسەکە و تاوەکو سەرخستنی کۆنگرەی پەکەکە، نێچیرڤان بارزانی لەسەر خەت بووە pic.twitter.com/wqOISZALvL
— Rudaw (@Rudawkurdish) May 12, 2025
ئەو سیاسەتڤانە کە پێشتر لە نزیکەوە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی بینیوە و پەیوەندییان هەبووە، باسی لە قۆناخی داهاتووی پرۆسەی ئاشتی کرد و گوتی: "بۆ قۆناخی دواتر کۆنسەی سەرۆکایەتی پەکەکە و بەڕێز ئۆجەلان راسپیدراون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە، ئەوەشی دەکەوێتە سەر دەوڵەتی تورکیا {بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان} دەبێت سەرۆکایەتی و پەرلەمانیان کۆببنەوە".
پێنجوێنی ئاماژەی بە داهاتووی پەکەکە کرد و گوتی: "دواتر خەباتی سیاسی، دیپلۆماسی و مەدەنی دەکەن لەنێو ئەو رێکخراوانەی لەسەر بناخەی پەکەکە دروست دەبن بە هەرناوێک بێ، نەوەکو بە ناوی پەکەکەوە، ئەو خەباتەش بۆ داوای مافی کورد دەبێت لە تورکیا".
محەممەد ئەمین پێنجوێنی گوتی: "بەڕێز ئۆجەلان لە کۆنگرەی پەکەکەدا لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە بەشداری کردووە و گفتوگۆیان کردووە، ئەگەر بۆچوونێکی جیاوازیش هەبووبێت لە رێگەی ئەو پەیوەندییانەوە تاوتوێیان کردوون. بەڕێز ئۆجەلان گرنگی بڕیارەکانی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و تورکیادا بە بەشدارانی کۆنگرە گوتووە".
بە گوتەی ئەو سیاسەتڤانە، خەباتی داهاتووی پەکەکە "خەباتی سیاسیی و دیپلۆماسی دەبێت لەنێوخۆی تورکیادا، ئەوەش ئەگەر پرۆسەکە بەڕێوەبچێت و ئەو بەڵێنانەی تورکیا بە ئیمرالی داوە بە نێوەندگیریی ئەمریکییەکان جێبەجێ بکرێن".
بەگوتەی پێنجوێنی، "کۆنگرەی پەکەکە لەژێر ئەمنییەتی پاراستنی ئەمریکییەکاندا کراوە، کە هێزی کوردیش پشتیوانی کردوون".
ئەو سیاسەتڤانەی کوردستان باسی لەوەشکرد، یەکێک لە مەرجەکانی پەکەکە بۆ چەکدانان، هەڵوەشاندنەوەی یاسای تیرۆرە لە تورکیا. گوتیشی: "دەبێت لێخۆشبوونی گشتیی لە پەرلەمانی تورکیا دەربکرێت، ئەوکاتە خەباتی سیاسیی لەنێو تورکیادا دەستپێدەکەن؛ گەرەنتی هەبێت سەرکردە باڵاکانی پەکەکەش دەڕۆنەوە تورکیا، ئەگەر گەرەنتییەکە لەلایەن وڵاتانی وەکو فەرەنسا و ئەمریکاوە بکرێت".
لەبارەی ئەو چەکانەی لای پەکەکەن و بڕیاری دانانیان دراوە چییان بەسەردێت، پێجوێنی گوتی، چەکدادانەکە بە گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا دەبێت و لەنێوانیاندا عێراقیش رۆڵی دەبێت.
محەممەد ئەمین پێنجوێنی گوتی: "پەکەکە و بەڕێز ئۆجەلان ئەوەی لەسەرشانیان بوو کردیان، ئەوەی ماوەتەوە لە ئەستۆی تورکیایە، کە ئایا چی هەنگاوێک دەنێت، ئایا پەرلەمان باسی دەکات و دەستکاری دەستوور دەکەن؟، ئەوانە هەمووی ئەرکی پەرلەمانی تورکیان؟".
ئەو سیاستەڤانە باسی لەوەشکرد، بەگوێرەی دەستووری عێراق، ئەگەر پەکەکە ناوچەکانی چۆڵبکات دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق جێگەیان پڕبکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ