سەندیکای رۆژنامەنووسانی یەکێتیی ئەورووپا: 70 - 80 رۆژنامەڤان دەبەینە هەرێمی کوردستان

12-05-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەندیکای رۆژنامەڤانانی یەکێتیی ئەورووپا، لە راپۆرتتێکدا باس لە وردەکاریی سەردانی شاندێکی باڵایان بۆ هەرێمی کوردستان دەکات و لە پێگەی فەرمی سەندیکاکەیان راپۆرتێکیان لەبارەی سەردانەکە بڵاوکردووەتەوە. ئەندامێکی سەندیکاکە بە رووداوی راگەیاند، لە داهاتوودا بەنیازن بە دەیان رۆژنامەڤانی ئەورووپی بێننە هەرێمی کوردستان و لەنزیکەوە دۆخی رۆژنامەڤانان ببینن. 
 
شاندێکی باڵای سەندیکای رۆژنامەنووسانی یەکێتی ئەورووپا، (AEJ) مانگی رابردوو، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەدوای گەڕانەوەشیان بۆ ئەورووپا، راپۆرتێکیان لەسەر گەشتەکەیان بڵاوکردەوە. لە سەرەتای راپۆرتەکەدا باسیان لەوە کردووە لە یەکەم وێستگەیان لە هەرێمی کوردستان، سەردانی ئۆفیسی سەرەکی تۆڕی میدیایی رووداویان لە شاری هەولێر کردووە و لەوێ لەگەڵ بێستوون نووری، بەرپرسی ژووری هەواڵی رووداو کۆبوونەتەوە. 
 
هەروەها باسیان لەوە کردووە لە هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لەسەر دۆخی ئازادی رۆژنامەڤانی لە هەرێمی کوردستان قسەیان کردووە و باسیان لەو ئاڵنگاری و بەربەستانە کردووە کە رووبەڕووی رۆژنامەڤانان لە کاری رۆژانەیان رووبەڕوویان دەبنەوە. 
 
دواتر سەندیکای رۆژنامەڤانانی یەکێتیی ئەورووپا، لەگەڵ نووری عوسمان، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا، پاڵپشتیی سەرۆکایەتی بۆ کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە. 
 
هەروەها لە راپۆرتی سەندیکاکەدا سەبارەت بە سەردانەکەیان، باسیان لەوە کردووە لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا، لە شاری سلێمانی ژمارەیەک رۆژنامەڤانیان خەڵات کردووە و یەکێکیش لەوانەی خەڵاتکراوە کامێرامانی تۆڕی میدیایی رووداو ئەحمەد عومەر بووە. 
 
شاندەکەی سەندیکای رۆژنامەڤانانی یەکێتی ئەورووپا، پەیامی نێچیرڤانی بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان بەبۆنەی یادی 127ـەمین ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردی لە راپۆرتەکەی خۆیان بڵاوکردووەتەوە و لە راپۆرتەکەدا، پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە "پەیامێکی بەهێز" وەسف کردووە.  
 
شاندەکە دەڵێن، نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا، رۆژنامەڤانیی بە پایەیەکی بنەڕەتی دیموکراسی، پێشکەوتن و پێکەوەژیان وەسف کردووە. ھەروەھا ئەو بۆنەیەی بە دەرفەت زانی بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی ئیدارەکەی بە پاراستنی ئازادیی دەربڕین و هاندانی ژینگەیەکی میدیایی پیشەیی، بوێر و بەرپرسیار لە کوردستان. 
 
لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە: "پەیامی سەرۆک بارزانی دەنگێکی بەهێزی خستە پاڵ دەنگی سەرکردەکانی دیکەی هەرێمەکە کە دانیان بە گرنگی مێژوویی رۆژنامەگەریی کوردی و رۆڵی بەردەوامی لە داڕشتنی کۆمەڵگەیەکی بەهێز و کراوەدا ناوە." 
 
پشتیوان جاف، ئەندامی سەندیکای رۆژنامەڤاننی یەکێتی ئەورووپا و ئەندامی شاندەکە، لەبارەی سەردانەکەیان و ئەو پلانانەی هەیانە بۆ داهاتوو لە هەرێمی کوردستان لە یۆنانەوە تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەردانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانمان کرد و پێشنیارمان بۆ کردن کە لە داهاتوودا 70-80 رۆژنامەڤانی ئەوروپی دەهێنین بۆ هەرێمی کوردستان تاوەکو بە چاوی خۆیان ئەو ئازادی و پێشکەوتنەی لە کوردستان هەیە لە نزیکەوە بیبینن."
 
 پشتیوان جاف هەروەها گوتی: "سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێشوازیان لەو پێشنیازەی ئێمە کرد و پێیانڕاگەیاندین کە هاوکارمان دەبن و ئێستا تەنیا پێویستە پێشنیازنامەیەکیان بۆ ئامادە بکەین و بە فەرمی بۆیان رەوانە بکەین".
 
پشتیوان جاف ئاماژەی بەوەدا پلانیان وایە لە داهاتوودا ژمارەیەکی زۆری رۆژنامەڤانانی ئەورووپی بهێننە هەرێمی کوردستان و هەر یەکێکیشیان لە میدیای وڵاتی خۆیەوە و بە زمانی خۆیان باسی دۆخی کوردستان بکات.
 
مانگی رابردوو، شاندێکی سەندیکاى رۆژنامەنووسانى یەکێتیی ئەوروپا کە پێکهاتبوون لە ئاربێر هیتای، سەرۆکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی یەکێتیی ئەوروپا، سایا چاوسیدو سەرۆکی پێشووی سەندیکای رۆژنامەنووسانی یەکێتیی ئەوروپا، پشتیوان جاف رۆژنامەنووس و ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی یەکێتیی ئەورووپا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد.
 
شاندی سەندیکای رۆژنامەنووسانی یەکێتی ئەورووپا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێكخراوی پەیامنێران، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لێرەش بڕیاریان دا بە هاوئاهەنگی ئەو رێکخراوە کوردستانییە، سەنتەرێكی چاودێری لە هەرێمی كوردستان بكەنەوە، کە ئامانجەکەی چاودێریكردنی ئازادیی رادەبڕین و ئازادیی كاری رۆژنامەڤانی دەبێت.
 
سەندیكای رۆژنامەنووسانی یەكێتیی ئەوروپا لە ساڵی 1963 دامەزراوە و لە 11 وڵات لقی هەیە، هەروەها خاوەنی سێ هەزار ئەندامە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.