رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی راپەڕین دەڵێت، بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاو، زیاتر لە 140 گولـلەهاوەن لە دەربەندی رانیە دەرهێنران کە بەشێکیان مەترسیی تەقینەوەیان هەبووە.
ئەمڕۆ هەینی، 12ـی تەممووزی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی راپەڕین رایگەیاند، لەلایەن ئاسایشی سەنگەسەرەوە ئاگادارکراونەتەوە لە دەرکەوتنی ژمارەیەکی زۆر گولـلەهاوەنی قەبارە جیاواز لە سنووری "کێلە سپیان" لەناو ئاوی دەربەندی رانیە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دەستبەجێ تیمێکی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی راپەڕین بە هاوکاریی ئاسایشی سەنگەسەر گەیشتوونەتە شوێنەکە و توانییان زیاتر لە 140 گولـلەهاوەنی جۆراوجۆر لە کەناری ئاوەکە هەڵبگرنەوە.
ئاسایشی راپەڕین "هۆشدارییەکی جیدی" داوە و ئاماژەی بەوە کردووە: "بەشێک لەو گولـلەهاوەنە کۆنانە ئەڵقەی سەلامەتییان (پیم) پێوە نەمابوو، ئەمەش وایکردبوو کە ببنە مەترسییەکی راستەوخۆ و گەورە لەسەر گیانی ئەو هاووڵاتی و گەشتیارانەی سەردانی ناوچەکە دەکەن."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، ئاسایشی راپەڕین داوا لە هاووڵاتییان دەکات: "لە کاتی بینینی هەر جۆرە تەقەمەنییەکی گوماناوی لە هەر شوێنێک، جا لە کەنار ئاو، دەشت و دەر، یان نزیک بنکە سەربازییە کۆنەکان بێت، تکایە بە هیچ شێوەیەک دەستکاریی نەکەن و راستەوخۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سەلامەت مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ