رووداو دیجیتاڵ
گرفتی نەبوونی ئاو لە گەڕەکی باداوەی شاری هەولێر چارەسەرکرا و ئێستا ئاو بۆ سەرجەم کۆڵانەکانی ئەو گەڕەکە دەچێت، هەر ئەمڕۆش دەستکراوە بە ئامادەکردنی زەوی بۆ لێدانی بیرێکی نوێ لە گەڕەکەکە.
رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند، گرفتی نەبوونی ئاو لە گەڕەکی باداوە بە تەواوی چارەسەرکرا، ئەو کۆڵانانەی گرفتی نەبوونی ئاویان هەبوو، ئێستا ئاویان بۆ هاتووەتەوە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێریشەوە تیمێک بۆ لێدانی بیرێکی نوێ رەوانەی ئەو گەڕەکە کراوە بۆ ئەوەی گرفتی نەبوونی ئاو بە یەکجارەکی چارەسەر بکرێت.
بە گوتەی پاسەوانی ئەو بیرەی لەنێو گەڕەکەکە هەیە، کە هەم پشت بە ئاوی بیرەکەو هەمیش پرۆژەی ئاوی ئیفراز دەبەستێت بۆ دابینکردنی ئاوی گەڕەکەکە، "ئێستا سەرجەم کۆڵانەکانی گەڕەکی باداوە ئاویان بۆ دەچێت".
هەر بە گوتەی ئەو پاسەوانە کە بۆ پەیامنێری رووداو قسە دەکات، دوای ئەوەی دوێنێ نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر سەردانی گەڕەکەکەی کرد، بەڵێنی چارەسەرکردنی گرفتەکەیدا و هەروەها بەڵێنی ئەوەشیدا کە بیرێکی نوێ لێدەن، "ئێستا شۆفڵ و قەلاب بۆ ئامادەکردنی زەوییەکە بۆ لێدانی بیرێکی نوێ".
رزگار خدر، بەڕێوەبەری بیرەکانی هەولێر، ئەوەی بە پەیامنێری رووداو گوتووە، چاوەڕوان دەکرێت زیاتر لە 400 مەتر زەوییەکە قووڵ بکرێت تاوەکو دەگەنە ئاو، بەهۆی وشکە ساڵییەوە ماوەی 3 ساڵ دەبێت بۆ گەیشن بە ئاو دەبێت 400 بۆ 450 مەتر زەوییەکە قووڵ بکەن.
شاری هەولێر بۆ دابینکردنی ئاو جگە لە پرۆژەکانی ئیفراز یەک و دوو و سێ، پشت بە 665 بیر دەبەستن کە لەنێو شاری هەولێر هەن، بە هەولێر و دەوروبەریشی ژمارەی بیرەکان دەگاتە 1160 بیر. بەڵام بەهۆی وشکەساڵییەوە ژمارەیەک لەو بیرانە وشکیان کردووە و بەشێکیان رێژەی ئاوەکەیان کەمبووەتەوە.
پێشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە 12-08-2021 بەهۆی کەمئاوییەوە، بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکی باداوەی هەولێر هاتنە سەر شەقام و ناڕەزاییان دەربڕی، لەکاتی رووماڵکردنی خۆپیشاندانەکەدا، دەمەقاڵێ لەنێوان موختاری گەڕەکەکە و چەند هاونیشتمانییەک دروستبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ