دوو کچی کوردی ئێزدی لە سووریاوە گەڕێندرانەوە

12-08-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، گەڕاندنەوەی دوو کچی کوردی ئێزدی رفێندراوی دەست چەکدارانی داعشی لە سووریاوە راگەیاند، کە یەکێکان منداڵێکی تەمەن 10 ساڵە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە لیوا یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاڵپشت بە رێنمایی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، هێزە ئەمنییەکان و دەزگا هەواڵگرییەکان بە چڕی بەردەوامن لە گەڕان و دۆزینەوەی کچان و ژنانی رفێندراوی کوردی ئێزدی.
 
لیوا یەحیا رەسوڵ، دەڵێت، لە رێگەی کۆکردنەوەی زانیارییەکان و بەدواداچوونی بەردەوام، هێزەکانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی عێراق، دوای وەرگرتنی رەزامەندی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی هێزەکانی سنوور، دوو کچی کوردی ئێزدی رفێندراوی دەست چەکدارانی داعشیان گەڕاندوە و رادەستی کەسوکارەکانیان کرانەوە، کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن 10 ساڵە.
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دووپاتی دەکاتەوە، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان خودی خۆی، بەدواداچوون بۆ دۆسیەی گەڕانەوەی ژنان و کچانی ئێزدی دەکات، لە چەندین کۆبوونەوەی ئەمنی و بۆنەدا جەختی لەسەر گەڕانەوەی سەرجەم رفێنراوان و شادبوونەوەیان بە کەسوکاریان کردووەتەوە. هەموو هەوڵێکی بۆ ئەم کارە فەراهەم و بدرێ.
 
رۆژی پێنجشەممە، 1ی ئابی 2024، لە راگەیێندراوێکدا یەکینەکانی پاراستنی ژن-یەپەژە رایگەیاند، دوو کچی گەنج و منداڵێکیان رزگار کردووە کە لە 3ی ئابی 2014 لە هێرشی داعش بۆ سەر شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری لەلایەن چەکدارانی ئەو گرووپەوە رفێنرابوون.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی یەپەژە، "دوو کچەکە یەکێکیان ناوی عەزیزە خالید عەلییە و تەمەنی 25 ساڵە، ئەوەی دیکەشیان ناوی تەواف داوود چەتۆیە و تەمەنی 24 ساڵە. هەروەها منداڵەکە ناوی خوناڤە و لە کاتی رفاندنیدا تەمەنی تەنیا دوو مانگ بووە".
 
یەپەژە دەڵێت: "عەزیزە خالید عەلی و خوناڤ لە کەمپی هۆڵ رزگارکراون، هەروەها تەواف چەتۆ لەسەر سنووری سووریا و عێراق لە لایەن هێزەکانیانەوە دەستگیرکراوە و دوای لێپرسینەوە لەگەڵی زانراوە کە کچە کوردێکی ئێزدی خەڵکی گوندی تەلعوزێری سەر بە شنگالە و ویستوویەتی خۆی رزگار بکات".
 
لە 03-08-2014دا چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شنگال و دەوروبەری. لەو هێرشەدا 11 هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن کران.
 
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە بۆسەر شنگال و دەوروبەری، نزیکەی 5000 ئێزدی کۆمەڵکوژ کران؛ هەروەها 6417 کەسیش رفێندران".
 
بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، لەو کوردە ئێزدییانەی رفێندران، تاوەکو ئەمڕۆ 3576 کەسیان رزگارکراون و 2841 کەسیان بێسەروشوێنن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە