رووداو دیجیتاڵ
رۆژی سێشەممە 13ی ئەیلوولی 2022 یەکەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن بۆ ساڵی خوێندنی 2022 - 2023 لە هەرێمی کوردستان لێدەدرێت، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رایدەگەیێنێت، حکومەت لەو کابینەیدا پاڵپشتییەکی گەورەی پرۆسەی فێرکردن و فێربوون بووە لە هەرێمی کوردستان و دەشڵێت، "بۆ یەکەمجارە لە 30 ساڵی مێژووی وەزارەتی پەروەردەدا توانیمان مافی بەشداریکردن لە هەڵسەنگاندنە نێودەوڵەتییەکانی وەکو (PISA - TIMSS) بەدەستبهێنین."
رۆژی دووشەممە 12-09-2022 ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "سبەی زیاتر لە یەک ملیۆن و 800 هەزار قوتابی لە خوێندنگە حکومی و ناحکومییەکان دەرگای قوتابخانەکانیان بەڕوودا دەکرێتەوە."
بە گوتەی وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، لەو کابینەیەدا زیاتر لە 865 قوتابخانە نۆژەنکراونەتەوە چ لەلایەن حکومەت، بەخشەرەکان یان رێکخراوەکانەوە بووبێت، "نوێترینیان دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەم هاوینە 200 قوتابخانەی بۆ وەزارەتی پەروەردە بە گوژمەی دوو ملیۆن دۆلار نۆژەن کردووەتەوە."
ئالان حەمەسەعید ئاماژەی بەوە دا، سەرۆکی حکومەت سێ ملیار دیناری بۆ دروستکردنی ژووری نوێ و فراوانکردنی قوتابخانەکان تەرخانکردووە، 20 ملیار دیناریشی تەرخانکردووە بۆ کڕینی کەلوپەل و پێداویستییەکان، "ساڵانێکی زۆرە ئەو گوژمەیە بەسەریەکەوە بۆ وەزارەتی پەروەردە تەرخان نەکراوە."
وەزیری پەروەردە گوتیشی، "یەکەمجارە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەنابی سەرۆکی حکومەت خۆی راستەوخۆ بڕیاریداوە کە پاڵپشتیی راستەوخۆی پارە بۆ قوتابخانەکان هەبێت، تاوەکو ئێستا دوو جار سێ ملیار دیناری، واتە شەش ملیار دینار، وەکو پاڵپشتیی سلفە پێشکێشی قوتابخانەکان کردووە بۆئەوەی لەگەڵ داهاتی فرۆشگاکان بتوانن بەیەکەوە سوودی لێوەرگرن."
سەبارەت بە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانیش، وەزیری پەروەردە ئەوەی خستەڕوو، "جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 46 ملیار دیناری تەرخانکردووە بۆ دروستکردن، نۆژەنکردنەوە و تەواوکردنی قوتابخانە تەواونەکراوەکان. بەپێی ئەو خشتەیەی دانراوە و لە وەزارەتی پلاندانان پەسندکراوە، 60 قوتابخانەی تەواو نەکراو و 13 قوتابخانەی نوێ دروستدەکرێن، کۆی گشتییەکەی دەکاتە 73 قوتابخانە."
بە گوتەی ئالان حەمەسەعید، بۆ یەکەمجارە لە 30 ساڵی مێژووی وەزارەتی پەروەردە توانیویانە مافی بەشداریکردن لە هەڵسەنگاندنە نێوەدەوڵەتییەکانی وەکو (PISA - TIMSS) بەدەستبهێنن، "جەنابی سەرۆکی حکومەت رەزامەندیی داوە لەسەر تەرخانکردنی بودجە بۆ پرۆژەکە."
وەزیری پەروەردە باسی لەوەش کرد، "ئێستاش ئێمە لەگەڵ ئەو رێکخراوانە لە پەیوەندیداین بۆئەوەی هەرێمی کوردستان لە 2023 لە هەڵسەنگاندنی (TIMSS) بەشداری بکەین، لە ساڵی 2025یش لە هەڵسەنگاندنی (PISA), کە دوو باوەڕپێکراوترین هەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتین بۆ سیستمی پەروەردە و بۆ بابەتەکانی زانست و بیرکاری."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ