سەرۆک بارزانی: هیوادارم ئەنجامی هەڵبژاردن عێراق بخاتە سەر رێچکەی دروستی خۆی

12-11-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی بەبۆنەی "سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق" بڵاوکردەوە و هیوای خواستووە، ئەو هەڵبژاردنە و ئەنجامەکانی ببێتە هۆی ئەوەی عێراق بکەوێتە سەر "رێچکەی دروستی خۆی."
 
لە پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی دەڵێت، بەبۆنەی "سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق" پیرۆزبایی لە خەڵکی هەرێمی كوردستان و هەموو عێراق دەکات.
 
رۆژی سێشەممە دەنگدانی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، بەپێی ئاماری کۆمیسیۆن لە کۆی زیاتر لە 20 ملیۆن دەنگدەر، 12 ملیۆن و 3 هەزار و 143 دەنگدەر دەنگیان داوە.
 
پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق توانیویەتی وەکو حیزب زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت و زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە، تاوەکو ئێستاش بەپێی ئەنجامە بەراییەکان 29 کورسیی پەرلەمانی عێراقی مسۆگەر کردووە.
 
دەقی پەیامی سەرۆک مەسعود بارزانی:
 
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
 
بەبۆنەی سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پیرۆزبایی لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان و هەموو عێراق دەكەم، هەروەها پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو چینوتوێژەكانی كوردستان دەكەم.
 
لێرەدا بەپێویستی دەزانم سوپاسی سەرکردایەتی و ئەندامان و کادران و جەماوەری پارتی و هەروەها دامودەزگە ئەمنییەكان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان بكەم، كە بە ماندووبوون و شەونخونیان كەشێكی ئارام و هێمنیان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن ڕەخساند. هیوادارم ئەو هەڵبژاردنە و ئەنجامەكانی ببێتە هۆی ئەوەی عێراق بكەوێتە سەر ڕێچكەی دروستی خۆی.
 
مسعود بارزانی
12ـی تشرینی دووەمی 2025
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە