هاوسەرۆکی دەم پارتی: گەیشتووینەتە قۆناخی کۆتایی

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی پارتیی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، لە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد "گەیشتووینەتە قۆناخی کۆتایی" و داوا دەکات یاسایەک بۆ گەڕانەوەی "شکۆمەندانە" و گشتگیری ئەندامانی پەکەکە دەربکرێت.
 
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (ئیکۆل تیڤی) باسی لە دوایین پێشهاتەکان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە رێکخستنی یاسایی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بکرێت.
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە یاسایەک هەبێت کە "پەکەکە و هۆکار و دەرەنجامەکانی لەنێوببات."
 
باکرهان گوتی: "لە سەرەتاوە جیاکردنەوەی خەڵک بە شێوەی 'ئەمانە ئاوا و ئەوانە ئاوا' کارێکی راست نییە. رەنگە رێکخراوێک بێت کە لە ئەنجامی چارەسەرنەکردنی پرسی کورد سەریهەڵدابێت؛ ئێستا خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵام دەرەنجامی 40 ساڵی هەیە."
 
سەبارەت بە چارەنووسی ئەندامانی ئەو پارتە، باکرهان گوتی: "ئەوانەی لە زیندانن، لە تاراوگەن، دادگایی دەکرێن یان چەکیان داناوە... پێویستە بە شێوەیەکی گشتگیر مامەڵە لەگەڵ پرسەکەدا بکرێت. واتە، پێویستیمان بە رێکخستنێکە کە هۆکار و دەرەنجامەکان لەنێوببات."
 
باکرهان پرسی کورد بە "کێشەیەکی 100 ساڵە" ناودەبات و دەڵێت هەموو هاووڵاتییەک بەهۆیەوە ئازاری چەشتووە، جا زیانی گیانی بێت یان ئابووری. 
 
سەبارەت بە قۆناخی ئێستای هەوڵەکان و پرۆسەی ئامادەکردنی راپۆرت لەلایەن پارتەکانەوە، هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی: "گەیشتووینەتە قۆناخی کۆتایی."
 
بە گوتەی باکرهان، رێکخراوەکە (پەکەکە) بە 5 بۆ 6 هەنگاو نیشانیداوە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ بانگەوازەکان دەکات، بۆیە "تاکە شتێک کە ئێستا دەبێت بکرێت، کۆکردنەوەی راپۆرتی پارتەکان و دەرکردنی یاسایەکە کە گەڕانەوەیەکی شکۆمەندانە و گشتگیر مسۆگەر بکات و ژێرخانی پرۆسەیەک دابمەزرێنێت کە جارێکی دیکە چەک و پێکدادانی تێدا نەبێت."
 
بەشێکی قسەکانی باکرهان تایبەت بوو بە رۆژئاوای کوردستان و دۆخی سووریا، ئەو داوای لە تورکیا کرد سیاسەتێکی گشتگیر لە سووریا پەیڕەو بکات.
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی: "ئێمە وەک کوردانی دانیشتووی تورکیا دەڵێین: ئەوانە [کوردانی رۆژئاوا] خزم و براکانمانن، هێڵێک بە ناوەڕاستدا تێپەڕیوە؛ برایەک لێرە و ئەوی دیکە لەوێ ماوەتەوە. دەڵێین دەبێت بەرگریکردن لە مافی ئەوانیش ئەرکی تۆ بێت. با تورکیا ئەم ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت."
 
تونجەر باکرهان دڵنیایی دەدات کە کورد هەرگیز هەڕەشە نییە بۆ تورک و تورکیا و دەڵێت: "رەنگە دوای 5 یان 10 ساڵی دیکە، کاتێک بەرپرسانی کوردی سووریا دێنە ئێرە، تێدەگەین کە بەهۆی ئەم هەڵوێستانەی رابردوو، هەڵە و کەموکوڕی کراوە."
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە