لە قەرەهەنجیر لافاو پردێکی رووخاندووە؛ دانیشتووانی 10 گوند بە کۆڵ ئالیک و خۆراک دەگوازنەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
دانیشتووانی ئەو 10 گوندە لافاو ئەرکی رۆژانەی قورستر کردووە و بە کۆڵ پێداویستییەکانیان دەگوازنەوە
دانیشتووانی ئەو 10 گوندە لافاو ئەرکی رۆژانەی قورستر کردووە و بە کۆڵ پێداویستییەکانیان دەگوازنەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە سنووری شارەدێی قەرەهەنجیری سەر بە پارێزگای کەرکووک، دیمەنەکان گوزارشت لە سەختی ژیان دەکەن. لافاو و بارانی بەخوڕ پردێکی سەرەکی رووخاندووە و رێگەی هاتووچۆی لە نزیکەی 10 گوند و ئاوایی بڕیوە.
 
ئێستا لەو ناوچەیە پیاوان ناچارن بە کۆڵ و لەنێو ئاوی چەمەکانەوە فەردەی ئالیک بۆ ئاژەڵەکانیان بپەڕێننەوە، ژن و منداڵانیش بۆ دەستخستنی پێداویستی ڕۆژانە رێگەیەکی دوور و درێژ بەپێ دەبڕن.
 
دانیشتووانی گوندی "شێخ جیری" و دەوروبەری، کە ناوچەیەکی کوردییە، بەهۆی داڕمانی پرد و تێکچوونی رێگەکانەوە گیریان خواردووە. سیروان، کە دانیشتووی گوندی شێخ جیرییە، دەڵێت، رێگەی ماڵەکانیان بەتەواوی تێکچووە و ئۆتۆمبێل ناتوانێت بگاتە لایان.
 
سیروان شێخ جیری دەڵێت: "ئەم بارە ئالیکی ئاژەڵە و بۆ خوارەوەی دەبەین بۆ گوندەکان، خەڵک گیریان خواردووە و رێگە نییە. جگە لەوەش پێداویستی ماڵەوە هەیە و رۆژانە بازاڕت پێویست دەبێت، ناچارین بەم شێوەیە بیگوازینەوە."
 
جگە لە گرفتی خۆراک و ئالیک، ترسێکی گەورەتر لای دانیشتووان هەیە کە ئەویش حاڵەتی نەخۆشی و فریاکەوتنە. ئامانج سالار، دانیشتوویەکی دیکەی ناوچەکەیە و ئاماژە بەوە دەکات کە رێگەی پێنج بۆ شەش گوند بەتەواوی داخراوە و هاتووچۆ پەکی کەوتووە.
 
ئامانج دەڵێت: "ئەم رێگەیە داخراوە و رێگەیەکی دیکەش لەو دیوەوە داخراوە، هاتووچۆ بەهیچ جۆرێک نییە. ئەگەر حاڵەتێکی لەناکاو یان نەخۆشی هەبێت، دەبێت بە دەست و بە کۆڵ نەخۆشەکە بگەیەننە دیوی دیکەی پردە ڕووخاوەکە."
 
هەرچەندە لافاوەکە زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام زیانێکی ماددی زۆری بە دانیشتووان گەیاندووە. بڕوا جەژنی، باسی زیانەکانی گوندەکەی دەکات و دەڵێت: "هیچ ئۆتۆمبێلێک نەیتوانیوە بێتە ئێرە، لافاو دیوار و حەساری رووخاندووە و خانوو داڕماوە."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، جگە لە رووخانی پرد و رێگەکان، لافاوەکە زیانی بە باخ و دەغڵودانی جووتیاران گەیاندووە و ژمارەیەک ئاژەڵ و پەلەوەریش لەناوچوون.
 
دوای رووداوەکە، لیژنەی شانەی بەرەنگاربوونەوەی قەیران و کارەساتەکانی عێراق لە بەغداوە گەیشتنە کەرکووک و ناوچە زیانلێکەوتووەکانیان بەسەرکردەوە. فەریق جەعفەر بەتات، سەرۆکی لیژنەکە فەرمانی کرد بەپەلە رێگەی جێگرەوە بۆ ئەو گوندانە بکرێتەوە.
 
فەریق جەعفەر بەتات بە رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ هەوڵی ئێمە وەک دەوڵەت و پارێزگا ئەوەیە دووبارە بونیاتنانەوە دەستپێبکەین، گەرچی بەشێوەی کاتیش بێت تاوەکو رێگەی ئەو گوندانە دەکرێتەوە. دواتر رێکاری دیکە دەگرینەبەر بۆ چاککردنەوەی رێگەکان بە شێوەیەکی باشتر."
 
سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان، سەرۆکی لیژنەکە گوتی: "هەندێک رێکار هەن بۆ قەرەبووکردنەوە، ئێمە تەنانەت قەرەبووی زیانی ساڵانی ڕابردووش دەکەینەوە. هەر هاونیشتمانییەک بەهۆی قەیران و لافاوەوە زیانی بەرکەوتبێت، قەرەبوو دەکرێتەوە، چونکە دەوڵەت باوکی هەموو هاونیشتمانییەکە."
 
دانیشتووانی ئەم گوندە کوردنشینانە، هاتنی بەرپرسانی باڵای بەغدا و کەرکووکیان بە دەرفەت زانی تاوەکو جگە لە کێشەی لافاوەکە، سکاڵای نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان پێبگەیەنن، کە ساڵانێکە بەدەستییەوە دەناڵێنن.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەشێکی باراناوی لە سلێمانی. وێنە: رووداو/ئەرشیڤ

کەشناسی: نمەباران ئەمشەو و سبەی لە سەرجەم ناوچەکان بەردەوام بێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، کاریگەریی نزمەپەستانی دەریای سپیی نێوەڕاست بەردەوام دەبێت و "پێشبینی دەکرێ ئەمشەو و سبەی نمەباران لە سەرجەم ناوچەکان بەردەوام بێ، لە هەندێک ناوچەش بڕێکی باش باران دەبارێ."