رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا رایدەگەیێنێت، تەرمی چوار هاونیشتمانیی خەڵکی مهاباد کە لە خۆپێشاندانەکانی تاراندا کوژراون، رەوانەی شارەکەیان کراونەتەوە. بەپێی زانیارییەکان، دووان لە کوژراوەکان خوشک و بران و هێزە ئەمنییەکانیش بۆ رادەستکردنەوەی تەرمی قوربانییەک داوای پارەیان کردووە.
کوژراوەکان دووانیان ژنن و دووانیان پیاو؛ لەنێویاندا دووانیان خوشک و بران و ناسناوی "ئەیازی"یان هەیە.
هەروەها یەکێکی دیکە لە قوربانییەکان کچێکە بە ناسناوی "مەحموودزادە" کە دایک و باوکی دەستگیرکراون و هێزە ئەمنییەکان بۆ رادەستکردنەوەی تەرمەکەی، داوای پارەیان لە کەسوکارەکەی کردووە.
لەلایەکی دیکەوە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ژمارەی ئەو کوردانەی لە خۆپێشاندانەکاندا کوژراون زۆر زیاترە لەوەی تاوەکو ئێستا بڵاوکراونەتەوە و تیمەکانمان سەرقاڵی پشتڕاستکردنەوەیانن."
بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا)، تاوەکو رۆژی دووشەممە 648 خۆپێشاندەر لە سەرتاسەری ئێران کوژراون و زیاتر لە 10 هەزار کەسی دیکەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
خۆپێشاندانەکان لە ئێران، رۆژی 28-12-2025 بەهۆی گرانی و خراپیی دۆخی بژێوی، بە مانگرتنی کاسبکاران لە تاران دەستیپێکرد و دواتر 28 پارێزگای ئێرانی گرتەوە. وڵاتانی ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا پشتیوانیی خۆیان بۆ خۆپێشاندەران دەربڕیوە، لە بەرامبەردا بەرپرسانی تاران باس لە "دەستی دەرەکی" لەپشت رووداوەکان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ