رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینیی دەکات، چوارشەممە 14-01-2026 لە بەشێک لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەفر ببارێت، بەهۆیەوە لە بەشێک لە قەزا و ناحییەکان کرایە پشوو. پارێزگاری هەولێریش رایگەیاند، "هیچ هۆکارێک نییە بکرێتە پشوو."
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان پێشبینیی کرد، رۆژی سێشەممە 13ی کانوونی دووەمی 2026، لە تەواوی هەرێمی کوردستان باران ببارێت و چوارشەممە لە شارەکانی سلێمانی، دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ، سۆران و راپەڕین بەفر ببارێت.
نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "دەسەڵاتمان داوە بە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی قەزا و ناحییەکان کە لەگەڵ لایەنی ئیداریدا هاوئاهەنگ بن؛ لە کاتی بارودۆخی مەترسیداردا پشوو رابگەیێنن."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، چوارشەممە لە بازیان، پێنجوێن، شارباژێڕ و دووکان پشووی فەرمییە و شوێنەکانی دیکەش بەپێی پێویستی دەتوانن بڕیار لەبارەی پشوو بدەن.
قاسم عەلی، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ بە رووداوی راگەیاند، "چوارشەممە 14-01-2026 لە سەرجەم قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکانی سنووری قەزاکەمان پشووی فەرمییە و رۆژی دواتر بە هەمان خشتە تاقیکردنەوەکان بەردەوام دەبن."
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سۆران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دوای راوێژکردن لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قایمقامەکان و وەرگرتنی دوایین راپۆرتی کەشناسی لەسەر هاتنی شەپۆلێکی بەفر و بارانی سەرتاسەری لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر، بۆ سەلامەتیی گیانی پەروەردەکاران و قوتابییان بڕیارمان دا چوارشەممە پشووی فەرمی بێت لە سەرجەم قوتابخانە (حکومی و ناحکومییەکان) و پەیمانگەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیمان."
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی کۆیە بڵاوی کردەوە، "لەپێناو سەلامەتیی مامۆستایان و فێرخوازان، بەڕێوەبەری پەروەردەی کۆیە بە راوێژ لەگەڵ پارێزگاری هەولێر، قایمقامی کۆیە و بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر بڕیاری دا چوارشەممە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە هەردوو قەزای کۆیە و تەقتەق و ناحیە و گوندەکانی سنووری پەروەردەی کۆیە بکرێتە پشوو."
هەر لەبارەی ئەو بابەتە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ هۆکارێک نییە تاوەکو بکرێتە پشوو؛ سبەی دەوام لە هەموو دامودەزگا و ناوەندەکانی خوێندندا ئاسایی دەبێت."
سمکۆ سالار، قایمقامی چەمچەماڵ بە رووداوی راگەیاند، "هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان راسپێردراون و دەسەڵاتیان هەیە ئەگەر هەستیان بە مەترسی کرد پشوو رابگەیێنن، بەڵام تاوەکو ئێستا بەپێی راپۆرتی کەشناسی هیچ بارودۆخێکی مەترسیدار لە پارێزگاکەمان نییە."
بریندار حەیدەر، قایمقامی دهۆکیش بە رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی پشوو نەدراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ