رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران رایدەگەیێنێت، لە پارێزگای لوڕستان پێنج کەسیان دەستبەسەر کردووە کە "سەر بە حیزبی کۆمەڵەن" و تۆمەتباریان دەکات بەوەی دەستیان لە خۆپێشاندانەکاندا هەبووە.
وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانیان لە شاری خوڕمئاوای ناوەندی پارێزگای لوڕستان، "گرووپێکی پێنج کەسیی سەر بە کۆمەڵە"یان هەڵوەشاندووەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی ئیتڵاعات دەستبەسەرکراوەکانی بە "گرووپێکی تیرۆریستی" و حیزبی کۆمەڵەشی وەک "تاقمێکی جوداخواز" ناوبردووە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە "ئەو پێنج کەسە دەستیان لە خۆپێشاندانەکان و نائارامییەکانی پارێزگای لوڕستاندا هەبووە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتەکە، لەکاتی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەدا دەست بەسەر چەکێکی کڵاشینکۆف و 250 فیشەکدا گیراوە.
تاوەکو ئێستا هیچ کام لە سێ لایەنەکەی کۆمەڵە (شۆڕشگێڕ، زەحمەتکێشان و رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیست) لەبارەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ئیتڵاعاتەوە روونکردنەوەیان نەداوە.
هاوکات وەزارەتی ئیتڵاعات ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گرتووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، رۆژی 7ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئیتڵاعاتی ورمێ دەستیان بەسەر 100 دەمانچە و 120 چەکی راوی ساچمەییدا گرتووە؛ پەیوەست بەم دۆسیەیەش چوار کەس دەستبەسەر کراون.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکانی وەزارەتی ئیتڵاعاتدا هاتووە، دەستیان بەسەر 273 دەمانچە و چەکی جۆری "وینچێستەر"ـدا گرتووە کە لەنێو بارهەڵگرێکی بیانیدا حەشاردرابوو، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە شوێنی رووداوەکە بکات، تەنیا باسی لەوە کردووە سێ کەس دەستگیر کراون.
بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵانە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە لەکاتێکدایە، ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پێی ناوەتە 17ـیەمین رۆژەوە. بەرپرسانی تاران بەردەوام باس لە "دەستی دەرەکی" لەپشت خۆپێشاندانەکان دەکەن و ناڕازییەکان بە "ئاژاوەگێڕ و تێکدەر" ناودەبەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ