رووداو-هەولێر
پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بە سێ قۆناخ و بە تێچووی نزیکەی 500 ملیار دینار دروستدەکرێت، لە تاسڵوجەوە بۆ توونێلی پێشڕەو دەبێت و لە 100 مەترییەوە دەستپێدەکات تاوەکو کۆتاییەکەی کە دەبێتە 40 مەتریی.
ئازاد رەسوول سەرپەرشتیاری پرۆژەی 100 مەتریی سلێمانی میوانی هەواڵەکانی کاژێر 04:00 بوو لە ستۆدیۆکانی سلێمانییەوە و لەبارەی دیزانی شەقامەکە و وردەکاریی پرۆژەکەوە گوتی: "دیزانی شەقامی 100 مەتری هەمان ئەو دیزاینەیە کە لەکاتی گرێبەستەکە لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار کردوومانە. درێژییەکەی 33 کیلۆمەترە و پانییەکەی 100 مەترە. لە تاسڵوجەوە دەستپێدەکات بۆ دەمرکان کە جادەی سلێمانی و عەربەت دەبڕێت".
لەبارەی وردەکاریی رێگاکەوە ئازاد رەسوول گوتی: "رێگاکە 7 ئینترچەینجی تێدایە. 5 پردی پەڕینەوەی گوندنشینی تێدایە لەبەر ئەوەی ئەم بەر و ئەوبەری جادەکە گوندە. لەبەر ئەوەی شەقامەکەش خێراییەکەی ئازادە یەکتربڕی نابێ تێدا بێت، ئامێری کشتوکاڵی، مەڕوماڵات و هاتووچۆی گوندنشینەکان لەو 5 پردەوە دەبێت. هەروەها سێ پردی سەرچەمی تێدایە کە درێژترینیان 500 مەتر قووڵە و لەسەر چەمی تانجەرۆیە و 237 چاوی ئاوبەرەی تێدایە بە درێژایی جیاواز و بە بەرزی و پانی جیاواز لە یەک مەتر و نیو تێیدایە تاوەکو سێ مەتر و نیو بە سێ مەتر و نیو".
بودجەی تەرخانکراو بۆ پرۆژەکە چەندە؟
سەرپەرشتیاری پرۆژەی 100 مەتریی سلێمانی لەبارەی بودجەی پرۆژەکەوە گوتی: "بودجەی خەمڵێندراو لە گرێبەستەکە 560 ملیار دیناربوو، بەڵێندەرەکە 20% لەژێر کەشفەوە بودجەکەی لێدابوو کە کردوویەتیە 469 ملیار و 900 ملیۆن دینار و ماوەکەشی 1100 رۆژە و بە هەمان ئەو دەرخستەیە دەبێت کە پێشتر بۆمان دیاری کردبوو".
جیاوازی تێچووی دروستکردنی رێگاکان لە سلێمانی و هەولێر
ئازاد رەسوول سەرپەرشتیاری پرۆژەی 100 مەتریی سلێمانی لەبارەی جیاوازیی تێچووی پرۆژەکانی رێگاوبان لەنێوان هەولێر و سلێمانی گوتی: "هەموو شارێک تایبەتمەندیی خۆی هەیە، تۆپۆگرافیی سلێمانی زۆر جیاوازە. بۆ نموونە دەبوایە ئێمە 5 ملیۆن مەتری چوارگۆشە گڵمان لە شوێنێکی دیکەوە بهێنایە بۆ پڕکردنەوە، ناوچەکە هەموو کشتوکاڵی و شاخە و دەبوایە 20 کیلۆمەتر زیاتر بڕۆشتینایە بۆ ئەوەی گڵ بهێنین. دیزاینەکەمان گۆڕی و ئاستی شەقامەکان دابەزاند و وایلێهات ئەوەی ئێستا لە بڕین دەستمان دەکەوێت، بەشی پڕکردنەوە دەکات و نیو ملیۆن مەتر چوارگۆشەشی زیادە و بەوەش نزیکەی 75 بۆ 80 ملیۆن دۆلار تێچووی پرۆژەکە کەمیکرد".
هەروەها باسی تێچوویەکەی دیکەی کرد بەراورد بە سلێمانی و گوتی: "بەهۆی سرووشتی سلێمانییەوە 237 ئاوبەر (قەنتەرە) مان بۆ رێگاکە داناوە کە درێژییەکەی کۆی کەیتەوە دەکاتە نزیکەی 30 کیلۆمەتر و هەمووشی بە کۆنکریتی بۆکس کراوە چونکە رێژەی بارانبارین لە سلێمانی بەراورد بە هەولێر جیاوازی زۆرە، ئەمانە نموونەی چەندین شتی دیکەی کە وادەکات تێچووی پرۆژە لە سلێمانی زیاتر بێت".
پرۆژەکە چەند قۆناخی هەیە و قۆناخی یەکەمی لەکوێوە دەستپێدەکات؟
سەرپەرشتیاری پرۆژەی 100 مەتریی سلێمانی باسی قۆناخەکانی پرۆژەکەی کرد و گوتی: "پرۆژەکە بە سێ قۆناخ دەکرێت و ئەمەی دەستیپێکردووە قۆناخی یەکەمە. کۆی گشتی شەقامەکان هەمووی 100 مەتری نین، 60ـی تێدایە، 40 مەتری و 30 مەتریشی تێدایەوە درێژەی هەموو پرۆژەکە 146 کیلۆمەترە".
ئازاد رەسوول بە وردیی باسی قۆناخەکانی کرد و رایگەیاند: "سلێمانی خۆی یەک دەروازەی هەیە و بەم پرۆژەیە دەبێتە سیان. یەکیان لە تاسڵوجەوە دەچێتە سەر رێگای عەربەت، ئەوی دیکەیان لە کەڵەوانانەوە دەستپێدەکات بەرەو توونێلی پێشڕەو بە بناری شاخی بەرانان. لە تاسڵوجەوە بۆ جادەی عەربەت هەمووی پانییەکەی 100 مەترە بە درێژیی 33 کیلۆمەتر، ئەوەی لە کەڵەوانانەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە قولەرەیسی هەر 100 مەترە پانییەکەی، دوای ئەوە بەهۆی ئەوەی ناوچەکە شاخاوییەکی سەخت دەردەچێ بە 60 مەتریی دیزاین کراوە و تاوەکو دەچێتەوە توونێلی پێشڕەو دەبێتە 40 مەتریی بەهۆی سەختی رێگاکەوە".
لەبارەی گرنگیی پرۆژەکە بۆ هاتووچۆ لە شاری سلێمانی، ئازاد رەسوول گوتی: "بەپێی ماستەرپلانی هاتووچۆی سلێمانی تاوەکو ساڵی 2042 ئەو 146 کیلۆمەترە تەواو کەین ئاستەنگ لەژێرخانی هاتووچۆدا نامێنێت".
حکومەت دەست بە جێبەجێکردنی کارەکانی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی دەکات

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی رایگەیاند، بەم نزیکانە و دوای گونجاوبوونی کەشوهەوا و ئامادەکارییە بەراییەکان، دەست بە جێبەجێکردنی کارەکان لە شەقامەکە دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 13-02-2020 نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "لە دوای پێداچوونەوەی لیژنە تەکنیکییەکانی پەیوەندیدار بە پرۆژە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان و بە رەچاوکردنی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان، زۆرێک لە پرۆژەکان ئامادەی جێبەجێکردن کراون، لەوانەش پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی لەلایەن بەڕێز سەرۆکوەزیرانەوە بە هەمان دیزاینی خۆی رەزامەندیی لەسەر دراوە و بەم نزیکانە و دوای گونجاوبوونی کەشوهەوا و ئامادەکارییە بەراییەکان، دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت".
لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە جگە لە پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی ''ئامادەکاری بۆ خستنەگەڕی پرۆژەی دیکە لە پارێزگای هەڵەبجەش دەکرێت، لەوانەش پرۆژەی پردی تووەقووتە کە هەڵەبجە و دەربەندیخان بەیەکدی دەبەستێتەوە".
شەقامی 100 مەتریی سلێمانی یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی سلێمانی. پێشتر وەزارەتی پلاندانان بۆ ساڵی 2019 بڕی 90 ملیار دیناری بۆ تەرخانکرد و کۆی گشتی تێچوونی پرۆژەکە 470 ملیار دینارە.
گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان: پێشوازیی لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکوەزیران دەکەین

گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان لە راگەیێندراوێکدا پێشوازی لە بڕيارەکەی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات سەبارەت بە رەزامەندیی بۆ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی شەقامی 100 مەتری سلێمانی، بە "هەمان دیزاینی خۆی" و دەڵێن لە مانگی داهاتووەوە دەستپێدەکەین.
لە راگەیێندراوێکدا گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان رایگەیاند: "دانیشتووانی خۆشەویستی پارێزگای سلێمانی و هەرێمی کوردستان دڵنیادەکەینەوە، کە گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان پلانێکی تۆکمە و پێشکەوتووی ئامادەکردووە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی، بە کوالێتییەکی بەرزی سەردەمیانە و بە ستانداردی ئەندازیاری، کە شایستە بێت بە شاری هەڵمەت و قوربانی".
بەپێی راگەیێندراوەکەی قەیوان لەماوەی مانگی داهاتوو دەست بە ئامادەکارییەکان دەکەن بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە و رایدەگەیێنن: "بەپێی پلانەکەمان لە مانگی داهاتوودا، لەگەڵ گونجانی کەشوهەوا، دەست بە ئامادەکارییە بەراییەکان دەکەین بۆ جێبەجێکردنی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی، هەموو هەوڵی خۆشمان دەدەین، هاوشێوەی پڕۆژە نایابەکانی دیکەمان بە سەرکەوتوویی شەقامەکە تەواو بکەین و بەر لە تەواوبوونی وادەی دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنی، شەقامەکە بەڕووی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستاندا بکەینەوە".
سەبارەت بە پرۆژەکە گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان رایدەگەیێنێت: "قۆناخی یەکەمی پرۆژەی شەقامی 100 مەتری 32 کم لە خۆی دەگرێت و لە پردی تاسڵوجەوە دەستپێدەکات، تاکو بازگەی سلێمانی - عەربەت. دیارە ئەم قۆناخەی پرۆژەکە گرنگترین قۆناخیەتی کە گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان جێبەجێی دەکات و هەموو رێڕەوەکانی ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای هەڵەبجە و هەورامان لەخۆی دەگرێت، کە داخڵی ناوشاری سلێمانی دەبن و لەوێوە دەچنە دەرەوەی سلێمانی، ئەم پرۆژە ستراتیجییە لە دهاتوودا زۆرترین قەرەباڵخی لەسەر شاری سلێمانی کەمدەکاتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ