رووداو دیجیتاڵ
مووچەی زیاتر لە 10 هەزار پێشمەرگەی کەمئەندام و خانەنشین راگیراوە و تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی یەکیان وەرنەگرتووە، سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە بریندارەکانی سەنگەر دەڵێت "دیار نییە مووچەی مانگی دوو وەردەگرین یان نا."
لیوا سەڵاح فەیلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە بریندارەکانی سەنگەر ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 13-03-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "چارەنووسی مووچەکانمان دیار نییە و هیچ لایەنێک وەڵامێکی ئەرێنیی پێنەداوین، سەردانی بەشی دارایی یەکەی 80ـمان کرد، پێیانگوتین راژەکانتان گۆڕاوە و زانیاریمان نییە، وەزارەتی دارایی وەڵامتان دەداتەوە، وەزارەتیش وەڵامی نەداوینەتەوە."
بە گوتەی لیوا سەڵاح فەیلی، 5 هەزار کەمئەندامی سەنگەر لە سەرەتای ساڵەوە هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە، هاوکات پێشمەرگە خانەنشینەکانیش مووچەیان وەرنەگرتووە کە پێکەوە نزیکەی 10 هەزار کەس دەبن.
سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە بریندارەکانی سەنگەر، گوتی "تاوەکو راژەکانمان نەگوێزرابووەوە، هەموو مانگێک بە کێشە لە فەرماندەیی خۆمان مووچەمان وەردەگرت، مانگی رابردوو یەکەی 70 مووچەی خۆیان وەرگرتووە، بەڵام یەکەی 80 وەرینەگرتووە."
لەبارەی ئاگادارکردنەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە راگرتنی مووچەکانیان، لیوا سەڵاح، گوتی "بە نووسراو ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاگادارکراوەتەوە و بە تەلەفۆنیش قسەمان لەگەڵیان کردووە، پێیانگوتین بەدواداچوون دەکەین". گوتیشی "ئەگەر مووچەی مانگی دوومان پێبدرێت، نازانین لە کوێ وەریدەگرین، چونکە سەر بە کەس نین و لە 'هەژماری من' تۆمار نەکراوین، کەس وەڵامی نەداوینەتەوە مووچەی مانگی دوو وەردەگرین یان نا".
ئەمڕۆ 13-3-2025 دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. بە گوێرەی راگەیێندراوی 12ـی ئاداری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات لە هەرێمی کوردستان کۆتاییدێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ