رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، خانووی بەشێکی هاونیشتمانییان لە سنووری شنگال بێ بەرامبەر تاپۆ دەکرێن، کە نزیکەی 14 هەزار و 500 خانوون.
خەلەف شنگالی، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردانی ئێزدی، ئەمڕۆ یەکشەممە 13ـی نیسانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، خانووەکانی 11 کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی کوردانی ئێزدی لە سنووری شنگال لەسەر خاوەنەکانیان تاپۆ دەکرێن.
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، زۆربەی خاوەن خانووەکان ساڵانێکی زۆرە ئاوارەن و داهاتێکی ئەوتۆیان نییە، بۆیە بۆ سووککردنی بارگرانی سەرشانیان ئەو بڕیارە دراوە.
خەلەف شنگالی دەڵێت، پێویستە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە 60 رۆژدا بڕیارەکە جێبەجێ بکەن و کۆتایی بەم دۆسیەیە بهێنن کە بریتین لە وەزارەتەکانی داد، ئاوەدانکردنەوە، کشتوکاڵ و دارایی.
راوێژکارەکەی سوودانی رایگەیاند، ئەو هاونیشتمانییانە نزیکەی 50 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن دەسەڵاتی ئەو کاتی عێراقەوە لە سنووری چیای شنگال گوندەکانیان تێکدرا و لە 11 کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون جێگیرکران، بەڵام تاوەکو ئێستا خانووەکانیان بێ تاپۆ بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ