رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رێگەی نووسراوێکەوە بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای بۆ لێکۆڵینەوە لە دەستبەسەرداگرتنی زەویی جووتیاران لە پارێزگای کەرکووک پێکهێنا. لیژنەکە وەکو لە نووسراوەکەدا هاتووە، دەبێت نوێنەرایەتیی دامەزراوەکانی چاودێری و جێبەجێکردنی تێدابێت. ئەندامێکی کوردی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، "ئەو زەوییانەی لە سنووری پارێزگای کەرکووک کێشەیان لەسەرە رووبەریان دەگاتە 30 هەزار دۆنم."
بەپێی نووسراوێک کە ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی حوزەیرانی 2023، لەلایەن فەریق عەبدولکەریم عەبدولحەسەن وجر، سکرتێری تایبەتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق واژۆ کراوە، محەممەد شیاع سوودانی فەرمانی کردووە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو زەوییانەی لە پارێزگای کەرکووک دەستیان بەسەرداگیراوە و زەوی جووتیارانن.
نووسراوەکە بە ژمارە 2317534 بە ناونیشانی "دەستبەسەرداگرتنی زەویی جووتیاران" بۆ فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق نێردراوە، ئەوەش لە وەڵامی نووسراوێکی ئەو فراکسیۆنە کە 5ـی ئەم مانگە ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە: "سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا بە دروستکردنی لیژنەیەکی باڵا کە نوێنەرایەتیی سەرجەم دامەزراوەکانی چاودێری و جێبەجێکردنی تێدابێت بۆ لێکۆڵینەوە لە واقیعی ناوچەکە و دۆخی تاپۆ و بەکرێگرتن و دەرچوون بە ئەنجامگەلێک کە هەموو لایەنە ناکۆکەکان لەبارەی ئەو بابەتەوە رازی بکات.."
نەجوا کاکەیی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق و نوێنەری کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە پێشتر چەند جارێک داوامان لە سەرۆکوەزیران کردووە بۆ ئەوەی دەستوەردان لەو بابەتە بکات و ئەو کێشەیە چارەسەربکات، سەرۆک بارزانیش لەگەڵ سوودانی لەسەر ئەو بابەتە قسەی کردووە."
لەبارەی ژمارەی ئەو زەوییانەی لە پارێزگای کەرکووک کێشەیان لەسەرە، نەجوا کاکەیی روونیکردەوە، "نزیکەی 30 هەزار دۆنم زەوی لە کەرکووک کێشەی لەسەرە، 13 هەزار دۆنم لە سنووری تۆپزاوا و ترکەلانە."
شکار مەردان، پارێزەری جووتیارانی داقووق، سەبارەت بەو زەوییانە لەلایەن عەرەبەکانی ناوچەکەوە دەستیان بەسەرداگیراوە، بە رووداوی گوت: "سەرجەم زەوییەکانی ناوچەکە ئەوەی دەستیان بەسەرداگیراوە زەویی جووتیارانی کوردن، کە نزیکەی 5 بۆ 6 هەزار دۆنم دەبن."
ماوەی چەند ساڵێکە سوپای عێراق لە چەند ناوچەیەکی کەرکووک، چەند جارێک چووەتە سەر زەویی جووتیارانی کورد و رێگرییان لێکردوون، هەروەها بە پشتیوانیی سوپا و هێزە چەکدارەکان، ژمارەیەک لە عەرەبە هاوردەکانی ناوچەکە هەڕەشەی داگیرکردنی زەویی جووتیارانی کوردیان کردووە و بەشێکیان لێ داگیرکردوون.
ماوەی 15 رۆژە جووتیارانی کورد و تورکمانی کەرکووک دژی تاپۆکردنی بەشێک لە زەوییەکانیان و خستنەسەر وەزارەتی بەرگریی عێراق مانگرتنیان راگەیاندووە و دەڵێن: ئامادەنین زەوییەکانیان بدەنە وەزارەتی بەرگری.
زەوییە کێشەلەسەرەکانی گوندی تۆپزاوای کەرکووک، موڵکی کوردن و لە ساڵی 1975 بەر شاڵاوی تەعریب کەوتوون و خراونەتە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق و ئێستا فیرقەی 8ی سوپا دەیەوێت بیکاتە یەکەی نیشتەجێبوون و سەربازگە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ