رووداو دیجیتاڵ
دانیشتوانی گوندی یەخی ماڵی، لە ناحیەی عەربەت، گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، دژی درووستکردنی کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی ئاسن.
ئەوان دەڵێن، کۆمپانیاکە زەوییەکەیان لە دانیشتنوانێکی گوندەکە کڕیوە و دەیەوێت سەرچاوە ئاوییەکانی گوندەکە بەخۆڵ پڕ بکاتەوە و لەنزیکییەوە کارگەکە دابمەزرێنن.
عومەر رۆستەم، موختاری گوندی یەخیماڵییە و بە رووداوی گوت: "ئێ مەعقولە کۆمپانیایەک بەو گەورەییەی خۆیەوە بیەوێت ئاوی گوندەکەی ئێمە وشک بکات؟ ئەمڕۆ روپێویی کۆمپانیاکە هاتووە، پێی گوتوین ئێمە ئەو سەرچاوە ئاویانە پڕدەکەیەنەوە و زەوییەکە هی خۆمانە، ئێمە لاریمان لە کاری کۆمپانیاکە نییە، بەڵام ئەگەر ئاوی گوندەکە وشک بێت خەڵک دەبێت گوندەکە چۆڵ بکات".
نیگەرانی گەورە، رەنگە لای ئافرەتانی گوندەکە بێت، چونکە ئەگەر ئەوەی لێی دەترسن رووبدات، سەرئێشەی زۆر بەر ئەوان دەکەوێت.
زینەت فارس، دانیشتوویەکی گوندەکەیە و بە رووداوی گوت: "ئێمە هێندەی 10 ماڵی سلێمانی ئاو بەکاردەهینین، چونکە بۆ ناوماڵ و حەوشە شۆردن و ئاودانی ئاژەڵ و کشتوکاڵ ئێ ئەگەر ئاو نەمێنێت چی بکەین".
نەمام ئەحمەد، دانیشتووی گوندەکەیە و دەڵێت: "بەهیچ شێوەیەک نامانەوێت زەوی و سەرچاوەی ئاوی گوندەکەمان زەوت بکرێت، ئەگەر ئاو لە گوندەکەمان نەمێنێت چی بکەین دەبێت جێی بهێڵین".
رووداو لەگەڵ بەرپرسانی کۆمپانیاکە قسەی کرد؛ ئەوان دەڵێن مۆڵەتی وەبەرهێنان و هەموو لایەکیان هەیە و پڕۆژەکەیان 350 مەتر لەسەرچاوەی ئاوی گوندەکە دوورە و هیچ زیانێکمان بۆ سەر سرووشتی ناوچەکە نابێت.
لەنێو ئەو فەرمانگانەی کە پێویستە کۆمپانیاکە پشتگیرییان بەدەست بهێنێت، تەنها وەبەرهێنان ماوە، بەڵام هێستا مامەڵەکە لەبەشی پشکنیندایە.
رزگار محەممەد، بەڕێوەبەری شار و ناوچە پیشەسازییەکان لە وەبەرهێنانی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "ئەگەر دانیشتووانی ئەو گوندە نیگەرانی و سکاڵایان لەکاری ئەو کۆمپانیایە هەیە و پێیان وایە کارەکەیان دەبێتە هۆی پیسبوون و وشکبوونی سەرچاوە ئاوییەکانیان، دەبێت بێنە لای ئێمە سکاڵا تۆمار بکەن، ئێمەش لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار دەکەیەنەوە کە ئایا ئەو پڕۆژەیە هیچ کاریگەرییەکی خراپی هەیە لەسەر سەرچاوەی ئاوی گوندەکە".
لەسنووری پارێزگای سلێمانی سێ کۆمپانیای دیکەی بەرهەمهێنانی ئاسن هەن کە مۆڵەتی فەرمییان لە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ